مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی حیزبەكەی وتارێكی پێشكەشكرد و باسی لە دوایین هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد. لە وتارەكەیدا بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و گوتی "منیش وەك هەر هاونیشتمانیەكی دیكە گلەییم هەیە"، بەڵام ئاماژەی بەوەكرد "گرنگ نییە پێكهێنانی حكومەت چەند مانگێك دوابكەوێت، گرنگتر ئەوەیە هەموومان پێكەوە بێينە مەیدانەكە".
سەبارەت بە دوایین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بارزانی رایگەیاند "پێكهێنانی حكومەت گەیشتووەتە قۆناخی كۆتایی و پێش هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت". تەوەرێكی دیكەی وتارەكەی بارزانی باسكردن بوو لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو جەختیكردەوە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكاندایە و گوتی "هەموو شتێك دەكەین بۆ ئەوەی گرفتی خەڵك نەهێڵین، بەڵام بە هەموو بڕوایەكیشەوە دەیڵێین ئەگەر كاربگاتە ئەوەی بزانین لایەنی بەرامبەر شەراكەتی قبووڵ نییە، ئەوا ئێمەش پاشكۆیەتی قبووڵ ناكەین". مەسعود بارزانی گوتیشی "ئەگەر كەسێك واهەستبكات بە بەكارهێنانی كارتی مووچە چۆكمان پێدادەدات، ئەوە نەفامە و تێنەگەیشتووە ئێمەی كورد چین، ئێمە بەرنامەمان هەیە و چۆك بۆ بەشەرێك دانادەین". بارزانی جارێكی دیكە جەختیكردەوە "ئەگەر بزانین لایەنی بەرامبەر سوورە لەسەر سیاسەتی خۆی، ئەوكات ئێمەش كار بە بەرنامەكەمان دەكەین و دەزانن سیاسەتی ئێمە چییە".