ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كۆبوونەوەو ئەنجامی كۆبوونەوەكەشیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لێكەوتەوە.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەمڕۆ سەرۆكایەتی شاندی دانوستاندنكاری پارتی كرد بۆ لای گۆڕان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند "گەیشتینە كۆتایی و رێككەوتننامەی پێكهێنانی حكومەتیشمان واژوو كرد".
فازڵ میرانی بە گرنگییەوە لەو رێككەوتنەی روانی و گوتی "رێككەوتننامەكە گرنگە لەپێناو ئاشتی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان".
هاوكات عومەری سەید عەلی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان جەختی لە رێككەوتنی هەردوولا كردەوەو راشیگەیاند، كە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان كۆدەبێتەوە و گوتی "بزووتنەوەی گۆڕان ئەركی كۆبوونەوەو سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكە لە ئەستۆ دەگرێت".
عومەری سەید عەلی ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەوان هیوادارن هەموو ئەو لایەنانەی زۆرینەی دەنگی خەڵكیان بەدەستهێناوە بەشداریی كابینەی نوێ بكەن.
دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ گۆڕان، ئێستا شاندی پارتی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە كۆبوونەوەدان و بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش، شاندی كۆمەڵ چاوەڕوانی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕانیان كردووەو ئەوانیش هەمان رێككەوتن لەگەڵ پارتی واژوو دەكەن.
پۆستەکانی گۆڕان:
وەزارەتی پێشمەرگە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
وەزارەتی دارایی
وەزارەتی ئەوقاف
دەستەی وەبەرهێنان
بریکاری وەزیری ناوخۆ