گەنجێكی كورد دەبێتە كاندید بۆ پەرلەمانی بەریتانیا




پارتی كرێكارانی بەریتانیا، گەنجێكی كوردی بە ناوی لاوێن ئەتروشی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكەی ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتە كاندید كرد. تا ئێستا، نازم زەهاوی لە پارتی پارێزگارانی حوكمڕان تەنیا كوردە كە وەك ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا هەڵبژێردرابێت. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئیبراهیم دۆگوس شكستی هێنا لە خۆكاندیدكردنی وەك نوێنەری پارتی كرێكاران لە هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی ئەو پارتەدا. ئەتروشی تەمەن 25 ساڵ لە كلینیكێكی توێژینەوە بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی كاردەكات و لەدایكبووی شاری لەندەنە. باوكی دهۆكییە و پزیشكە، دایكیشی كۆییە و لە بواری دەرمانسازی كاردەكات. "هەر لە تەمەنی 14 ساڵییە‌وە، هەواداری پارتی كرێكارانی بەریتانی بووم، چونكە نوێنەرایەتی خەڵكی ئاسایی دەكات،" ئەتروشی وای بە (رووداو) گوت. ئەتروشی بەهیوایە ببێتە نوێنەری ناوچەی (سوورەی هیس) كە یەكێكە لە پێنچ كاندیدی هەڵبژێردراو لەو ناوچەیە و‌ زیاتر لە 50%ی دەنگەكانی بردووەتەوە. بەڵام لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی ململانێیەكی سەخت دەبێتەوە لەگەڵ ركابەرەكەی، مایكڵ گۆڤ. مایكڵ ئێستا نوێنەرایەتی ئەو ناوچەیە دەكات لەسەر پارتی پارێزگاران كە‌ بە هاوپەیمانی لەگەڵ لیبراڵ دیموكراتەكان حوكمڕانی بەریتانیا دەكات. رادنی بەیتس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی كرێكاران لە ناوچەكە بە پەرۆشە بۆ كاركردن لەگەڵ لاوێن. ئەو گوتی "وزە و دڵگەرمیی ئەو دەبێتە ئامرازێكی گرنگ لە هەڵبژاردنەكەدا. لاوێن دەبێتە كاندیدێكی سەرسەخت لەبەرامبەر مایكڵ گۆڤ". ئەتروشی زیاتر گرنگی بە سیاسەت و كێشەكانی بەریتانیا داوە نەك خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.  ئەو دەڵێت "بەهۆی نەشارەزایی لەسەر ناوچەكە و وڵاتانی دەوروبەری و نەبوونی پەیوەندی بە هیچ پارتێكی سیاسییەوە لەو ناوچەیە، ناتوانێت كۆمێنت لەسەر ناوچەكە بدات".  وادەردەكەوێت تێڕوانینەكانی جیاواز نەبێت لە تێڕوانینی بەرپرسانی پارتی كرێكاران لەبارەی قەیرانی سووریا و بەهەموو شێوەیەك پشتگیری ئێد میڵیباند، سەرۆكی ئەو پارتە دەكات كە ساڵی رابردوو هەڵمەتێكی لەدژی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا بەڕێوەبرد. ئەتروشی سەبارەت بە كوژرانی دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی سووری لەوكاتەوەی رۆژئاوا دەنگی داوە لە دژی دەستێوەردانی سەربازی، دەڵێت كە لەوباوەڕەدایە دایەلۆگ لە نەتەوە یەكگرتووەكان باشترین چارەسەرە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی سووریا. هەروەها گوتی "میلیباند رۆڵێكی كاریگەری گێڕا لە رێگرتن لە بەپەلە بۆمبارانكردنی سووریا بە مووشەكی كروز و پشتگیریكردن لە رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو كێشەیەدا". ئەتروشی بەهیوایە ببێتە دەنگی ئەوانەی دەنگیان نییە "لەبەرئەوەی ئەو هەستە دەزانم كە خەڵكی ئاسایی هەیانە بەهۆی ئەو هەموو فشار و پچڕانی پەیوەندییەی هەیە لە نێو ئەوان و حكومەتەكەی ئێستا"، گوتیشی "دەمەوێت بەرەنگاری سیاسەتی ناعادیلانە ببمەوەو داهاتوویەكی باشتر بۆ بەریتانیا دەستەبەر بكەم". لاوین ئەتروشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری كردووە لە رێگەی هاوكاری مرۆیی لە بواری تەندروستی بۆ هەژاران و ناردنی 60 هەزار پەرتووك بە زمانی ئینگلیزی بۆ زانكۆكانی كوردستان.

سه‌رچاوه‌ سایتی رووداو