نێچیرڤان بارزانی‌ هه‌واڵی‌ دوو میدیای‌ پارتی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌




نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری سەرۆكی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا هه‌واڵی‌ دوو ده‌زگای راگه‌یاندنی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

نوسینگه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند دوێنێ دووشەممە 7ی نیسانی 2014 له‌زاری‌ نێچیرڤان بارزانی‌ یه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ گوایە وتوویەتی پارتی دوو رۆژ مۆڵەتی داوەتە یەكێتی بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسانە بداتەوە كە لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی نێوان شاندی هەردوولادا باس كراون

له‌رونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ "لێرەوە رایدەگەیەنین كە نێچیرڤان بارزانی بە هیچ شێوەیەك لێدوانێكی وای نەداوە و تەنیا وتوویەتی چاوەڕێ دەكەین یەكێتی لە ماوەی ئەم یەك ـ دوو ڕۆژەدا وەڵاممان بداتەوه‌".

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ناڵی‌ روداوی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ و ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وتویه‌تی‌ پارتی دوو رۆژ مۆڵەتی داوەتە یەكێتی.