
ئەمڕۆ 27ی نیسان تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كێشەی تێكەوت و بەكارهێنەرانیش ناتوانن پۆستە نوێیەكانی پەیجەكان و هاوڕێكانیان ببینن. هەتاوەكو ئێستا روون نییە هۆكاری ئەم دەرنەكەوتە یان نوێنەبوونەوەی (News feed) چییە. دوێنێش بۆ ماوەیەكی كاتی ڤیدیۆكانی فەیسبووك لەكاركردن وەستانو بەپێی وتەی شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیش ئێستا فەیسبووك خەریكی دروستكردنی ڤێرژنێكی نوێیە و رەنگە ئەم وەستانانەش پەیوەندییان بەم نوێكردنەوەیەوە هەبێت. گۆڕانكارییەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بە یەكجاری ئەنجام نادرێن و نوێبوونەوەی پرۆفایلەكان و پەیجەكان بە نۆرەیە. هی هەندێك كەس درەنگتر لە هەندێكی دیكە نوێدەبێتەوە، ئەوەش پەیوەندی بە جیاوازیی سێرڤەرەكانی فەیسبووكەوە هەیە و هەموو پرۆفایلەكان لەسەر یەك سێرڤەر نین، بەڵام ئەو كێشەیە وا پێدەچێت لەسەر هەموو پرۆفایلەكان هەبێت و پەیوەندی بە سێرڤەری ناوەندییەوە هەبێت .