لاهور شێخ جەنگی هۆشداریی دەداتە لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی هەشتەم












لاهور شێخ جەنگی هۆشداریی دەدات لە ئەگەری گەلەكۆمەكی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێكهێنانی حكومەتدا‌و دەڵێ "ئەوە بۆ بەعس نەچووە سەر ئێستا بۆ هیچ لایەنێك ناچێتەسەر".

ئاماژە بەوەش دەكات كە نیگەرانییەكانی یەكێتی لە وەرنەگرتنی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە نییە و پێیوایە لە پێكهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ وەزارەتێك تا ئێستا دەسەڵاتی نییە‌و دەڵێ "وەزیری وەزارەتەكان ئەو لێپرسراوانەن كە پەیوەستییان بۆ حیزبەكانیان ساغكردووەتەوە".

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاریی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەڵوێستی خۆی لەسەر چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دەربڕیوەو ئاماژە بەوە دەكات كە یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتدا موراعاتی لایەنەكانی پێشووی ئۆپۆزیسیۆنی كردووە‌و بۆ پێكهێنانی حكومەت و  نووسیویەتی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەرۆشیی بۆ سەقامگیری سیاسی هەرێمی كوردستان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ گۆڕان و هێزەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 21-9-2013، پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ درێژەدان بە سیستمی پەنجا بە پەنجا پەسەند نەكرد‌و لە پشك و مافی خۆی بەخشی تا حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانیی لەم كابینە نوێیەدا بێتەكایەوە".

لاهور شێخ جەنگی پێیوایە هەوڵێكی ناوخۆیی و دەرەكی هەبێ بۆ پەراوێزخستنی یەكێتی و دەڵێ  "وا پێدەچێت ئەم نییەت باشییەی یەكێتی لەلایەن هەندێك هێزەوە، بە خراپ و بە پیلان و بە هەوڵی پەراوێزخستن و بە ئەگەری پێكهێنانی كابینە بێ یەكێتی، هەوڵبدرێت وەڵامبدرێتەوە. هێزی ناوخۆیی و تەنانەت هێزی ناوچەییش رەنگە هەبن كە بیانەوێت پیلانێك بۆ گەمارۆدان و خستن و لاوازكردنی یەكێتی جێبەجێ بكەن و رەنگە وابزانن كە گەلەكۆمەكی لە یەكێتی و گەلی كوردستان ئاسانە".

ئەو دەڵێ "ئەو پلانانە بۆ بەعس نەچووە سەر، ئێستاش بۆ هیچ هێز و لایەنێك ناچێتە سەر و بە هەمو‌و تواناوە رێی لێدەگرین و رێی پێنادەین".

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی ‌و گۆڕان، كە رۆژی پێنجشەممە لە هەولێر بۆ پێكهێنانی حكومەت واژوویان كرد دەكات‌و دەڵێ "ئەوەی ئەمڕۆ رو‌ویدا، ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، دۆخی هەرێمی كوردستان دەباتە ئاستێكی ئاڵۆز و مەترسیدار، كە لەگەڵ بنەماكانی پرۆژەی حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانی و داهاتو‌وی ئارامی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا یەكناگرێتەوە.

چونكە ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی رێكەوتن و بەكردەوە لە نێوان چەند هێزێكدا دژ بە یەكێتی كرا، هەوڵدان بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە و پشتكردنە بنەماكانی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانی و سڕینەوەی رێككەوتنی ستراتیجی، كە دەتوانێت دەرگا بەڕ‌ووی ئەگەری گۆڕانكاری گەورەدا بكاتەوە".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژە بە بە پشكەكانی یەكێتی دەكات و رایدەگەیەنێت كە حیزبەكەی نیگەران نییە لە پێنەدانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە‌و دەڵێ "یەكێتی لەوە نیگەران نییە كە وەزارەتی پێشمەرگە، یان ناوخۆ بە هیچ هێزێكی سیاسی بدرێت، چونكە پێكهاتەی حكومەتی هەرێم وایە كە هیچ وەزارەتێك تا ئێستا دەسەڵاتی نییە بەسەر جوڵاندنی بەش و یەكە و هێزە جیاوازەكاندا و ئەوەی كۆی گشتی دامەزراوەكە دەبات بەڕێوە، وەزیری وەزارەتەكان نییە".

لاهور شێخ جەنگی پێیوایە ئەوەی وەزارەتەكان بەڕێوەدەبات "ئەو بەڕێوەبەر و فەرماندە و لێپرسراوانەن كە خۆیان بۆ خزمەتی خەڵك و پەیوەستیشیان بۆ حزبەكانیان ساغكردووەتەوە".

لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئەو بەرپرسەی یەكێتی هۆشداریی دەداتە لایەنەكانی بەشداربوو لە كابینەی هەشتەم ‌و داوایان لێدەكات "بڕیاری ژیرانە" بدەن ‌و دەڵێ "دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم بێ وەرگرتنی رەزامەندیی تەواوی یەكێتی، هەموو ئەگەرەكان بەرووی پرۆسەی سیاسیدا دەكاتەوە و لە باری نەخوازراودا دەتوانێت دۆخەكە بگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەكەم، بۆیە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و ئارامی سیاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا، چاوەڕوانی بڕیاری عەقڵانی و ژیرانەی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پابەندبو‌ون بە بنەماكانی یەكڕیزی نیشتمانین