دەربارەی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقی فیدراڵەوە، كە هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستوری نیە، سەفین دزەیی وتەبێژی رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەماڵپەڕی رەسمی حكومەتی هەرصمی رایگەیاند: بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا ئەوە بوو بەڕێز نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدراڵ كە خۆی لە هەرێمی كوردستان ژیاوە و زانكۆی لە هەولێر تەواوكردوە، هەنگاوێكی لەم شێوەیە هەڵێنێ و دۆسیە سیاسییەكان تێكەڵی موچەی فەرمانبەران و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان بكات، ئەمە لە كاتێكدایە گفتووگۆكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان هەردوولاو چاوەڕێی ئەوەین بەرپرسانی بەغدا لەخەمی چارەسەركردنی پرسەكاندا بن بەڕێگەی دیالۆگ، نەك قوڵكردنەوەی كێشەكان و بڕینی موچەی فەرمانبەران.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو رێگایەكی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بەگوێرەی بنەما دەستورییەكان، پرسە هەڵواسراوەكان لەگەڵ بەغدا بخاتە چوارچێوەی دیالۆگ و گفتوگۆكانەوە، ئەم دواییەش لێكنزیكبونەوەیەك هەبوو بۆ چارەسەركردنی پرسەكان، بەڵام ئەمجارە حكومەتی عیراقی فیدراڵ پەنای بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران برد، كە ئەمەش هەنگاوێكی نەخوازراوە، چونكە بەشی هەرێم لەبودجەی عیراق مافێكی دەستووریەو ناكرێ وەكو كارتێكی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان بەكار بهێنرێت.
هەروا بەرپرسیاریەتیەكی دیكەی دەستوری كە لەسەر شانی حكومەتی عیراقە، ئەوەیە نابێت لەژێر هەر ناوێكدا بێت جیاوازی لە نێوان هاووڵاتیانی عیراقدا بكات، بەڵام ئەوەی هەموو لایەك بەڕوونی دەیبینین ئەوەیە كە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ جیاوازی كردووەو موچەو بودجەی هەموو عیراقی داوەو ئەوەی هەرێمیشی راگرتووەو گەمارۆی دارایی بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاندووە.
ئێمە لە حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنین كە بەرپرسانی عیراق دەبێ پشتگیری لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی ئارامترین ناوچەی عیراقە و دەكرێ عیراق شانازی پێوە بكات، هاوكات هەمیشە بۆتە پەناگەیەك بۆ سەرجەم ئەو ئاوارەو پەناهەندانەی بە هۆی شەڕو نائارامییەوە رویان تێكردووە، هەرێمی كوردستانیش بەبێ جیاوازیی ئایینی و مەزهەبی (مەسیحی و شیعی و سوننی و تەواوی پێكاتەكانی دیكەی) لەخۆ گرتووەو جێگەو رێگەی بۆ دابینكردون.
هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبوو لە قۆناغی گواستنەوە بەرەو عیراقی دیموكراسی و فیدراڵ، سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەشێكە لەسەركەوتنی ئەزموونی عیراقی فیدراڵ، ئێستاش كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرتاسەری نزیك دەبینەوە، دەبێ درك بەو راستیە بكەین كە قووڵكردنەوەی قەیرانەكان كاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسیی وڵات.
بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نابێ بەهیچ پرسێكی دیكەوە گرێ بدرێت، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ دەیەوێ قوت و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم بە پرسی نەوتەوە ببەستێتەوە، ئەمە پێچەوانەی پرەنسیپە دەستورییەكانە، لە گفتوگۆكانمان زۆر بەڕونی پرسی نەوتمان خستۆتەڕوو، حكومەتی فیدراڵیش باش دەزانێت لە پڕۆژەی نێوان هەرێم و توركیادا یەك بەرمیل نەوت نەفرۆشراوە، بۆیە وەك هەمیشە دووپاتی دەكەینەوە كە ئامادەین بە دیالۆگ ئەو پرسە چارەسەر بكەین و بۆ هەموو لایەكی رون بكەینەوە كە ئێمە دەخوازین رۆڵمان هەبێت لەبەرزكردنەوەی داهاتی عیراق.
هەروا رایدەگەیەنین كە تێنەپەڕاندنی بودجەی گشتی لە پەرلەمانی عیراق هیچ پەیوەندی بەبودجەی پارێزگاكان و مووچەی فەرمانبەرانەوە نییە، بۆیە ئەم پاساوەش رەتدەكەینەوە كە ئۆباڵی بڕینی مووچە بخەنە ئەستۆی بودجەی گشتیی عیراقەوە.
لە كۆتاییدا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆران دڵنیا دەكاتەوە كە هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ دابینكردنی مووچەو پەلە دەكات لە چارەسەركردنی هەر پرسێك كە پەیوەست بێت بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوەو رازی نابێت مافی رەوای ئەوان، تێكەڵی گەمە سیاسییەكان بكرێت.
سهرچاوه سایتی pukmedea