مەسعود بارزانی پەیامی نەورۆزی راگەیاندو تێدا پیرۆزبایی
لەخەڵكی كوردستان كردووە.
جیاواز لەپەیامەكەی ساڵی پار، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم
لەو پەیامەدا بەزمانێكی نەرم قسەیكردووەو رایگەیاندووە بۆنەی
نەورۆز بۆنەیەكی نیشتمانی نەتەوەیی كردە.
هەروەها رایگەیاندووە "دەمەوێت لەوە دڵنیاتانبكەمەوە كە خەباتو
قوربانیدانتان بەفیڕۆ ناڕواتو ئاییندەیەكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات".
ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی پار بارزانی پەیامێكی توندی بەبۆنەی نەورۆزەوە
پێشكەشكردو هەڕەشەیەكی زۆری لەحكومەتی ناوەند كردو كێشەكانی
نێوان هەولێرو بەغدادی قووڵكردەوە.
دەقی پەیامەكە...
نەورۆزتان پیرۆز بێت
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان..
پڕ بەدڵ پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزتان لێ دەكەم.
هیوادارم هەردەم لە خۆشی و بەختەوەریدا بن. پیرۆزبایی لەهەموو
تاكێكی كورد و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی
كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم.
نەورۆز بۆ هەموومان مانای سەركەوتن و هیواو دەستپێكێكی تازە دەدات.
گەلەكەمان لە ڕێگەی خەبات و ئازادیخوازیدا نەهامەتیی زۆری
بینیوە و قوربانیی بێ هەژماری داوە. دەمەوێ لەوە دڵنیاتان بكەمەوە
كە خەبات و قوربانیدانتان بەفیڕۆ ناڕوات و ئاییندەیەكی گەش چاوەڕێی
كوردستان دەكات. بڕوام بەهێزو تواناو خۆڕاگریی ئێوەی سەربەرز
هەیە و بە پاڵپشتیی خودای مەزن و ئێوەی ئازیز، كوردستان بەسەر گشت
ئاستەنگەكاندا سەردەكەوێت و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
لەم بۆنە نەتەوەییەدا داوا لە گشت لایەك دەكەم لە هەوڵی قووڵتركردنی
یەكڕیزی و تەبایی و كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی دابن. ئێمە
پێكەوە بەهێزین، پێكەوە سەردەكەوین و پێكەوە وڵاتەكەمان پێشدەخەین.
داوایش لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم لە شادی و سەیرانەكانیاندا
ژینگە و جوانی و سرووشتی كوردستان بپارێزن، تكایە.نەورۆزتان پیرۆز،
هەر بژین لەخێر و شادیدا.