ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان نەوشیروان مستەفاو عەلی باپیر












لەكۆبوونەوەی نێوان نەوشیروان مستەفاو عەلی باپیر باس لەچەند

تەوەرێك كراوەو هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەت.

ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی


مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی كردو لەگەڵ عەلی باپیر

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئەنوەر سەنگاوی ئەندامی سەركردایەتی


كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە خۆی بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە، 

بەشارپرێسی راگەیاند "لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێك تاوتێكراوە،

لەوانە پرسی پێكنەهێنانی حكومەت‌و ئەو باروردۆخەی بەو هۆیەوە

رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، لەگەڵ كێشەكانی نێوان

هەرێم‌و بەغداد".

وتیشی "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پەلەبكرێت لەپێكهێنانی


حكومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمان، كە تێیدا سەرجەم لایەنەكان

بەشداربن‌و بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروستبكرێت".

ئەوەشی وت "هەردوولا نیگەرانی خۆیان لەدواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت


دەربڕیوەو جەختكراوەتەوە نابێت لەوە زیاتر دوابكەوێت".

سەبارەیت بەتەوەرەكانی تری كۆ‌وبوونەوەكە سەنگاوی وتی "


هەر لەكۆبوونەوەكەدا پرسی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد تاوتوێكراوە

و باس لەوەش كراوە كە نابێت كێشەكان لەوە زیاتر پەرەبسەنێت‌و

هەوڵبدرێت بۆ چارەسەركردنی، ئەوەش بەڕاوێژكردن بەهەموو لایەنەكان".

ئەمڕۆ (178) رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕدەبێت،


بەڵام تائێستا لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

سەبارەی بەئەگەری دواكەوتنی زیاتری پێكهێنانی حكومەت‌و بوونەوە 


بەئۆپۆزیسیۆنی گۆڕان‌و كۆمەڵ، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی

وتی "لەكۆبوونەوەكەدا باسی ئەو پرسە نەكراوە، چونكە ئێستا لەقۆناغی

پێكهێنانی حكومەتداین".

وتیشی "ئەوەش وتراوە ئەگەر ئەو قۆناغە بێتە پێشەوە ئەوە باس دەكرێت".


سەبارەت بەكۆبوونەوەی لوتكەی نێوان سێ‌ لایەنەكەی پێشووی ئۆپۆزیسیۆن، 


ئەنوەر سەنگاوی وتی "باس لەوەش نەكراوە كە كۆبوونەوە لەنێوان ئەو سێ‌ 

سەركردەیە بكرێت، بەڵام هەركاتێك پێویست بكات، ئەوە كۆدەبنەوە".

هەریەكە لەگۆڕان‌و كۆمەڵ لەخولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان ئۆپۆزیسیۆنی 


حكومەت بوون، بەڵام ئێستا بڕیاریانداوە بەشداری حكومەتی بنكەفراوان بكەن،

كە ئەوەی یەكەمیان (24) كورسی‌و ئەوەی دووەمیان (6) كورسی

پەرلەمانیان هەیە.

سه‌رچاوه‌ سایتی شارپرێس