من و ئۆپۆزیسیۆن

من و ئۆپۆزیسیۆن
د.مەریوان وریا قانع

”له‌بەرامبەر ئەو کاردانەوەدا کە بەرامبەر

به‌ھەندێک

له‌نووسینەکانی من‌ و له‌بەرامبەر دەرکەوتنەکانم

له‌تەلەفیزۆنەکاندا لەم ماوەیەدا نیشاندران،

یەکێکیان شوێنی سەرنجدان‌ و لێوردبوونەوەیە. مەبەستم

لەوانەیە کە ڕەخنەی من دەکەن‌و به‌ "ڕۆشنبیری ئۆپۆزیسیۆن"م دەزانن یان پێیانوایە من "ڕۆشنبیرێکی

بێلایەن" نیم. ئەوەی لەم ناونانەدا موفارەقەیەکی سەیرە ئەو ڕاستییەیە ئەو کەسانەی ئەم ڕەخنەیە

له‌من دەگرن، خۆیان یان ئەوەتا بەڕەسمی لەناو دەزگا ئیعلامییەکانی دەسەڵاتدا کاردەکەن‌ و زۆرجار

نوێنەرایەتی دەسەڵات دەکەن، یان بەرامبەر به‌بڕێک لە پارە بۆ خراپترین‌ و بەدناوترین میدیاکانی

دەسەڵات دەنووسن، یان ئەوەتە تا ماوەیەک لەمەوبەر تا بینەقاقایان لەناو سیاسەت‌ و

پڕوپاگەندەکردندا بۆ ئۆپۆزیسیۆن نووقم بووبو‌و، بەڵام له‌ئێستادا لەبەر هه‌ر ھۆیەک بێت یان له‌ئۆپۆزیسۆن

تۆراون یان ئۆپۆزیسیۆن دەریکردوون. ئەم گوردانە شۆڕشگێڕە کە خۆیان لانی ھەرەکەمی بێلایەنیی‌ و

سەربەخۆبوون‌ و زۆرجاریش بابەتیبوونیان تێدا نییە، تێزەکانی من‌ و ھاوڕێکانم لەسەر سوڵتانیزمی

سیاسی به‌پروپاگەندەکردن بۆ ئۆپۆزیسیۆن لەقەڵەم ئەدەن. خوێنەران ئەو ڕاستییە دەزانن من ھەرگیز

ئەوەم نەشاردۆتەوە کە گەشەکردن‌و چەسپاندنی سوڵتانیزمی سیاسییم له‌کوردستاندا به‌مەترسی

ھەرەسەرەکی سیستمە سیاسییەکەی کوردستان زانیوە‌ و بەمەترسی ھەرە سەرکیشی دەزانم.

ئەمەشم بەشێوازی جیاواز‌ و لەکات‌و شوێنی جیاوازدا وتوە، تا ئەو شوێنەش ڕۆیشتووم کە به‌ئاشکرا

قسە له‌پرۆژەی "بەسعودیکردن"ی کوردستان بکەم‌ و دەرکەوتە ترسناکەکانی شیبکەمەوە. ھاوکات

ئەوەشم به‌ئاشکرا وتوە کە ئەم پرۆژە سوڵتانییە به‌پلەی یەکەم به‌ پرۆژەی پارتی دیموکراتی

کوردستان‌

و ئینجا دوای ئەو به‌ پرۆژەی چەند باڵێکی ناو یەکێتی نیشتیمانی، دەزانم. لەمڕۆشدا بەگژاچوونەوە‌ و

ڕێگرتن له‌چەسپاندنی ئەم پرۆژە سوڵتانییە به‌تاقە ستراتیژیەتێکی سیاسی دروست دەزانم. ئەوەی ‌

وایکردوە من ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنم بەلاوە ”گرنگ“بێت، لەوێوە نەھاتووە من ئەو ھێزانە به‌ ”فریادڕەس“

بناسم‌ و پێموابێت دونیای‌ ئێمە دەگۆڕن‌ و دەمانکەن به‌بوونەوەری بەھەشتیی بەختەوەر، ‌وەک

ھەندێک

ڕۆژنامەنووسی پله‌دو‌ و پله‌سێ‌ و ھەندێک خوێندەواری سادەگۆ و ھەندێک تیوریستی سەرلێشواو

دەیانەوێت له‌خوێنەری بگەیەنن، بەڵکو لەوێوە ھاتووە من ھەموو ھەوڵدانێک بۆ ڕێگرتن له‌ کۆبوونەوەی

ھەموو دەسەڵاتەکان له‌دەستی چەند خێزانێکی سیاسیدا، به‌مەسەلەیەکی گرنگ دەزانم. ئەوەی

وایکردوە من ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ‌وەک بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای ئێمە تەماشابکەم پەیوەندی

بەوەوە نییە کە ئەوان ھێزی فریادڕەسن، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە دەتوانن ببن بەبەشێک

له‌پرۆسەی ڕێگەگرتن له‌کۆبوونەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی ئەم یان ئەو خێزانی سیاسیدا.

پێشموایە ھەموو ئەو شێوازە سادانەی خوێندنەوەی سیاسیی کە ھیچ جیاوازییەک لەنێوان پارتی‌ و

یەکێتی‌ و لەنێوان پارتی‌ و گۆڕان‌ و له‌نێوان یەکێتی‌ و یەکگرتو و گۆڕان و کۆمەڵەی ئیسلامیدا نابینن‌ و

ھەموویان ‌وەک ھێزی "فاشی"‌و "تاریک"‌و "دژەمرۆڤ" دەبینن‌ و بەدەستەواژەی ئینشایی ناتەحلیلی

تری لەو بابەتە ‌وەسفیاندەکەن، ھەرچییەکبن ھیچ پەیوەندییەکیان به‌خوێندنەوەی زانستییانەی

دونیای

ئێمە‌ و به‌خوێندنەوەی ھێز‌ و پرۆژە سیاسییەکانەوە نییە. بەلای منەوە ئەم شێوازە له‌ڕوانین نەک ھێما

بۆ لانی ھەرەکەمی "ڕەخنەی ڕادیکاڵ" ناکات، بەڵکو ھێما بۆ "سەرلێشێوانێکی ڕادیکاڵ" دەکات.“