سبەی چوارشەممە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە و دوابڕیار لەبارەی چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دەدات. عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە بڕیارە سبەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كۆببێتەوە. موفتی لەبارەی ئەجێندای كۆبوونەوەكەی سبەینێیان گوتی "دوایین رەوشی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەكرێت". ئاماژەی بەوەشكرد كە هەر لە دانیشتنەكەی سبەینێدا دوایین هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت باسدەكرێت و گوتی "یەكێتیش بڕیار لەبارەی كابینەكەوە دەدات". دوێنێ فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئازاد بەرواری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد و وەك میرانی گوتی كۆمەڵێك پێشنیازی دیكەیان خستووەتە بەردەم گۆڕان. هەر دوێنێ ئاماژەی بەوەشكرد كە لە 48 كاژێری داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامدەدەن. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاوەكو ئێستا سوورە لەسەر وەرگرتنی یەكێك لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە یاخود ناوخۆ، بەڵام رووداو زانیویەتی كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ گۆڕان و پێشمەرگەش بۆ پارتی یەكلایی بوونەتەوە. ئەمڕۆش لەمیانی وتارەكەیدا لە كۆڕبەندی ساڵانەی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئاماژەی بە هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ كردو گوتی "ئەو كاتەی خایاندوویەتی پێیستبوو". گوتیشی "دەمانەوێت سەرجەم لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە كابینەكە بەشداربن".
سهرچاوه سایتی رووداو