ئه‌ندامێكی پێشوو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌ڵێ : بارزان دێیه‌ نه‌ك عه‌شیره‌ت

ئه‌دهه‌م بارزانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فیسبووك له‌په‌یجی خۆی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ بارزان عه‌شیره‌ت نیه‌ به‌ڵكوو ته‌نها دێیه‌.
ئه‌دهه‌م بارزانی پێشتر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ و به‌ڵام وه‌ك خۆی رایگه‌یاندبوو ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌ماوه‌ و كه‌سێكی ئاساییه‌




















ده‌قی بڵاو كراوه‌كه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی

بارزان دێیە ، نەک عەشیرەت
نوسینی : ئەدهەم بارزانی

ئەگەر سەیری مێژووی کوردستان بکەین دەبینین عەشیرەتێک بوونی نیە بەناوی (بارزان) ، واتە بارزان عەشیرەت نیە ئەوانەی دەڵێن بارزان عەشیرەتە به‌ هەڵە دا چۆن ، چونکە بارزان گوندێکە ئەکەوێتە خوار دامەنه‌ی چییای شیرین لە ناو عەشیرەتی بەڕۆژ، لەو دێیەدا کەسانی پایە بەرز بە درێژایی مێژوو هەڵکەوتوون ، عەلامە بابە تاهیری مەردووخ لە کتێبەکەیدا (مشاهیر کرد) ئەڵێ : عەلامە شێخ ، عەبدولڕەحیمی بارزانی 700 ساڵ پێش ئێستا لە دێی بارزان مۆڵەتی زانستی ئەدا بە زانایانی ئایینی ..
گرنگی بارزان لە کاتێکدا هاتە کایەوە کە شێخ عەبدولڕەحمانی بارزانی لە ناوەڕاستی ساڵەکانی 1800 بیروباوەڕی نەخشە بەندی (عیرفانی ) وەک بنەمایەک بۆژیانی ڕۆژانەی دەڤەرەکە و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورە ئەو ڕێگایه‌ هەڵبژارد ، واتە یەکەمین شێخی تەریقەت لە بارزان شێخ عەبدولڕەحمان و دووەمین شێخ عەبدووسەلامی یەکەم و سێیەمین شێخ محەمەدی بارزانیە ( کە ئەکاتە باوکی شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی )، چوارەمین شێخ شه‌هید شێخ عەبدوسەلامی دووەم و دواین و پێنجه‌مین شێخ ، شێخ ئەحمەدی بارزانە ( قدس سره‌ ) کە ناسراوە بە خودانێ بارزان
: هەموو ئەو شێخانه‌ لە پێناو ئەم بیرو باوەڕانەی خوارەوە تێیان کۆشیوە .
1-دیارکردنی نزیکترین و بەهێزترین و پاكترین ڕێگا بۆ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ل خوای گەورە و بەهێزکردنی پەیوەندی هەر تاکێک (مرۆڤ لەگەڵ خالقی خۆی) .
2-بەهێزکردنی دادپەروەری لەناو کۆمەڵگادا ، من لێرەوە ئەتوانم بە جورئەتەوە بلێم کە دادوەری نیمچە ڕەها ( العدالە شبه‌ المطلقە)لەسەر دەستی ئەوان لەو دەڤەرە هاتە دی بە شێوەیەک کە هیچ جیاوازی لە نێوان شێخ و کوڕە شێخەکان و مورید و هەژارەکان نەما بو هەموویان لە ژێر ئەو عەدالەتە یەکسان بوون .
3-بەرگری کردن لە ستەملێکراوان ( مەظلوم) نەک تەنها دروشمێک بوو بەڵکو بە ئەرکێکی دونیایی و دینیان ئەزانی .. لەم بۆچونەوە بارزان پێی نایە قوناغی خەباتی نه‌ته‌وایه‌تی چونکە لە باوەڕی بارزاندا گەورەترین زوڵملێکراو میللەتی کورده‌ كه‌ له‌ سه‌ر خاكی خۆی له‌ هه‌ر مافێك بێ بەشکراون ،لەم ڕوانگەیەوە قوربانی زۆر درا و بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردی تا ئێرەی هێنا .
خەڵکانێک لە حەوت عەشیرەت (بەڕۆژی ، مزوری ، نزاری ، شێروانی ، دۆڵەمەری ، گەردی ، هەرکی بنەجی) لە دەوری ئەوبیرو باوەڕە کە لەدێی بارزانەوە هەڵقوڵاوە کۆبونەتەوە و عادات و تەعەسوباتی عەشائێریان پشتگوێخستوو و هەموویان لە ژێر ئاڵای میللەتی بارزان کۆبونەتەوە ،مانای میللەت لە زمانی عەرەبیدا بەو کۆمەڵە کەسە دەگوترێت ، کە لەدەوری بیروباوەڕێک (عەقیدە) کۆدەبنەوە مەرج نیە لە یەک ڕەگەز و ڕەنگ بن .
ووشه‌ی میلله‌تی بارزان دروسته‌ نه‌ك عه‌شیره‌تی بارزان .