راگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ















لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،

بە تێكڕای دەنگ داواکرا پڕۆژەیاسای بودجە نەخرێتە بەرنامەی كار،

تا ئەو كاتەی هەموار دەكرێتەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 15ـی 3ـی 2014

لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ

كوتلە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆیەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراقی فیدڕاڵ خرایە

بەر باس و گفتوگۆ و هەروەها قسەیش لەسەر سیاسەتی نەوتیی

هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و باسی ئەو خاڵە

ناكۆكانەیش كرا كە بوونەتە هۆی دەركەوتنی قەیرانی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغدا.  

نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچەی

فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوە

بوو و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ئەم هەنگاوەی حكوومەتی

عێراقییان فیدڕاڵ بە نایاسایی و تێكهەڵكردنی ژیانی خەڵك لەگەڵ

كێشە سیاسییەكان وەسفكرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی

2014 تاوتوێ كرا و سەرۆكی كوتلە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی

نوێنەرانی عێراق و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تێبینی و پێشنیارەكانی

خۆیان لەمبارەیەوە بە سەرۆكی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

پەیوەست بەم باسەوە كۆبوونەوەكە بەم ئەنجامە گەییشت كە پڕۆژە یاسای

بودجەی ئەمساڵی عێراق بەبێی رەچاوگرتنی پڕەنسیپی تەوافوق لە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. 

سەرباری ئەوەیش پڕۆژە یاساكە زێدڕۆیی بەسەر دەستووری

تێدایە و پڕیەتی لە سزادان لەدژی هەرێمی كوردستان. بەشداربووانی

كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ داویان كرد كە پڕۆژەیاساكە نەخرێتە

بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی نوێنەران و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكرێت

هەتا ئەو كاتەی ئەو بڕگانە لە پڕۆژەیاسای بودجە هەموار دەكرێت كە كوتلە 

كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران تێبینییان لەسەری هەیە.

كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە مادەی 1ـی پڕۆژە یاسای

بوودجەی ساڵی 2014 هەموار بكرێت و ئەو بڕگە و ماددانەی پەیوەندی

بە سزادانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە لا بدرێن و نەمێنن.