هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکانی تورکیا دەستیپێکرد


















بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگدەرانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گوندەکان، ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان روویان لە 2890 بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان کرد. بنکەکانی دەنگدان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەجیاوازی یەک کاژێر لەگەڵ یەکتر کرانەوە، لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان لەکاژێر 08:00 بەکاتی هەولێر بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و بڕیارە کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر دابخرێن. هەروەها لە زۆربەی ناوچەکانی تورکیا بنکەکانی دەنگدان لەکاژێر 09:00 بەکاتی هەولێر کراونەتەوە و بڕیارە تا کاژێر 18:00 بەکاتی هەولێر پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بێت. لەو هەڵبژاردنانەدا 52 ملیۆن و 969 هەزار و 831 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە 26 ملیۆن و 704 هەزار و 757 کەسیان ژنن و 25 ملیۆن و 991 هەزار و 75 کەسیان پیاون کە دەتوانن لە 194 هەزار و 310 سندوق دەنگ بدەن. لەكۆی 77 پارتی سیاسی توركیا، 25 پارت بەشداری هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی تورکیا دەكەن. هەریەک لە پارتە کوردییەکانی ئاشتی و دیموکراتی  (بەدەپە)، پارتی دۆزی ئازادی (هوداپار) و پارتی ماف و ئازادییەکان (هاکپار) لە باکووری کوردستان کێبەڕکێ دەکەن.  ئەوە یەکمجارە کە سێ پارتی کوردی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا رکابەری یەکتر دەکەن. بەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2009، لە 96 شار سەرکەوتنی بەدەستهێنا و توانی سەرۆکایەتی شارەوانی زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان بەدەست بگرێت. پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکایەتی شارەوانی زۆربەی شارەکانی تورکیای بەدەستەوەیە، لە باکووری کوردستانیش رکابەری سەرەکی بەدەپەیە و لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2009دا توانی کۆنتڕۆڵی زۆربەی شارەوانییەکانی باکوور و لەوانەش شارەکانی روها، بینگوڵ، ئادیامان و غازی ئەنتاپ بەدەستبێنێت. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە بۆ شارە تورکییەکان دامەزراوە، یەکەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەکات و بە سەرۆکایەتی سری سورەییا ئوندەر، نوێنەری ئێستای ئیستەنبۆڵ لەسەر لیستی بەدەپە رکابەرایەتی لەگەڵ ئاکەپە و جەهەپە لە ئیستەنبۆڵ دەکات.