یەكێك لەپارێزەرەكانی كەیسی كاوە گەرمیانی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە














ژیار محەمەد یەكێك لەپارێزەرەكانی كەیسی كاوە گەرمیانی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت كە دەستی لەپارێزەرایەتی ئەو كەیسە كێشاوەتەوە.

دەقی روونكردنەوەكە..

روونكردنەوەیەك لەژیار محەمەدەوە بۆ رای گشتی‌ 

من وەكو پارێزەری دۆسییەی‌ رۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی‌، ئەمڕۆ (دووشەممە) دەستلەكاركێشانەوەی‌ خۆم راگەیاند، بەهۆی‌ قۆستنەوەی‌ دۆسییەكە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بۆ بانگەشەی‌ سیاسی بەناوی‌ داكۆكیكردنەوە. 

ئەمڕۆ كەس‌وكاری كاوە گەرمیانی‌ سەردانی‌ مەسعود بارزانیان كردو بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی‌ هەرێم بارزانی‌ پێی راگەیاندوون كە تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی‌ "تاوانێكی مەزن‌و دڕندانەیە"، بۆیە لەمڕۆ بەداوەوە چیتر ئامادە نیم لەدۆسیەییەكدا كاربكەم، كە مەسعود بارزانی‌ ببێتە داكۆكیكاری بۆ بەرژەوەندی‌‌و موزایەدەی‌ سیاسی. 

حیزبەكەی‌ مەسعود بارزانی‌ تۆمەتبارە بەتیرۆكردنی‌ سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی‌ مامەحەمەو كاوە گەرمیانی‌ یەكێك بووە تا لەژیاندا ماوە داوای ئاشكراكردنی‌ بكوژانیانی‌ كردووە. 

هیچ گومانم لەوەنیە ئەگەر كاوە گەرمیانی‌ بمایە ئەم سەردانەی‌ قبوڵ نەدەكرد، چونكە كاوە گەرمیانیش وەك سەردەشت و سۆران قوربانی‌ یەك ڕێگان بكوژەكانیان هەمان بكوژ و دەسەڵاتە ئەگەر مەسعود بارزانی‌ باس لەیاساو مامەڵەی‌ یاسایی‌ و دۆزینەوەی‌ و دەسگیركردنی‌ بكوژان دەكات ئەوا با لەپێشەوە بكوژانی‌ شەهیدانی‌(17)ی‌ شوبات و سەردەشت و سۆران بداتە دادگا. كەیسی‌ كاوە گەرمیانی‌ كەیسێكی‌ یاساییە نەك سیاسی‌، تا مەسعود بارزانی‌ و پارتە تۆمەتبارەكەی‌ بە كوشتنی‌ سەردەشت و سۆران بێت مامەڵە بەكەیسی‌ كاوە گەرمیانیەوە بكات و بۆ هەڵمەتی‌ هەڵبژاردن و دژ بە نەیارە سیاسیەكانی‌. 

پێشتر چەندین جار كەسوكاری‌ كاوە گەرمیانیم ئاگاداركردۆتەوە نەكەونە داوای ئەو هەوڵانەوە كە دەدرێن بۆ مەرامی سیاسی‌و خۆپاككردنەوەی هەندێك كەس‌و لایەن لە تاوانەكانیان. فەرزە لەسەر مەسعود بارزانی‌ و هەموو بەرپرسێكی‌ ئەم وڵاتە بچنە گەرمیان و بچنە خزمەت دایكی‌ شەهید كاوە گەرمیانی‌ و ئامەد و شیرین، نەك دایكی‌ جەرگ سوتاوی‌ كاوە گەرمیانی‌ و شیرینی‌ بێوەژن كراو و ئامەدی‌ بێ‌ باوك كراو بچنە لای‌ مەسعود بارزانی‌. كاتێك وێنەكانی‌ دایكی‌ كاوە گەرمیانیم بینی‌ لەو كۆبونەوەیە تەواو شەرمم لەمرۆڤبونی‌ خۆم دەكرد، كە بارزانی‌ ئامادە نییە بچێتە گەرمیان‌و دایكێكی‌ جەرگ سوتێنراوی‌ خاوەن ئەنفال ببینێت... لەبەر ئەوەی‌ ئەو تەنها لەناو كۆشكەكەی‌ خۆی‌ بەسەرۆكی‌ خەڵك دەزانێت. بونم بەپارێزەری‌ خۆبەخش لەكەیسی‌ تیرۆركردنی‌ شەهید كاوە گەرمیانی‌ لەڕوانگەی‌ ئەوەبوو كە خزمەتی‌ خەڵكە و گێڕانەوەی‌ مافە بۆ خاوەن ماف، ئەگەرچی‌ چەندین هەوڵی‌ نەزۆك دراوە، بەهەمووو شێوازەكان ڕووبەڕووی‌ مەترسی‌ و هەڕەشەو بومەتەوە كە تا ئەم ساتەش باسم نەكردوە، چونكە هەمووكات ئامادەبووم ڕۆحی‌ خۆم و ژیانی‌ خۆم دانێم لە خزمەتی‌ خەڵك و لەكەیسێك كە خزمەت بەخەڵك دەكات، بەڵام هەرگیز ئامادەنیم لەكەیسێك بمێنمەوە كە سەردەشت كوژو سۆران كوژەكان بێنە پاڵمان و داوای‌ یاساو دەسگیركردنی‌ تۆمەتبار بكەن لەكاتێكدا ئەوانە خۆیان پێویستە لەسەر تیرۆركردنی‌ سەردەشت و سۆران دەبوو ئێستا لەزینداندا بونایە. 

ژیار محەمەد، پارێزەر