نووسینگەی تاڵەبانی چەند "راستییەك" لەبارەی كوژرانی بدێوی بڵاودەكاتەوە

نووسینگەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێ، لە وەڵامی كاردانەوە و لێدوانی هەندێك كەس و لایەن بەرامبەر رووداوی كوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی، بە پێویستمانزانی چەند "راستییەك" لەبارەی ئەو رووداوەوە بڵاوبكەینەوە. نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "لە وەڵامی كاردانەوەو لێدوانی هەندێك كەس و لایەن بەرامبەر رووداوی كوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی بە پێویستمانزانی روونیبكەینەوە كە هەندێ لەو كاردانەوانە بێ مەرام و بەنیازێك خراپ نەبوونە، بەڵام هەندێكی دیكەی ئەو كاردانەوانە بەمەبەست و نیازێكی پێشوەخت بوونە بۆ قۆستنەوەی هەر رووداوێك بۆ بەرژەوەندی تاكە كەس و شێواندن و قوڵكردنی ئاڵۆزییەكان". نووسینگەی تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئەم هەوڵانە لەكاتێكدان كە عێراق بە دۆخێكی نالەبار تێدەپەڕێ و دەبێ وریای هەوڵەكانی پەرتەوازەكردنی یەكڕیزی نیشتمانی بین. لە بەیاننامەكەدا هاتووە "لەگەڵ رووداوی كوژرانی بدێوی نووسینگەی سەرۆك كۆمار سووربوو لەسەر رادەستكردنی بكوژی بدێوی بۆ هێزە ئەمنییەكان بۆ بەدێهێنانی دادوەری و لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەن لەو رووداوە و ئەمە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باسیان لە هەوڵی دەركردنی تومەتبارەكە دەكرد". نووسینگەی تاڵەبانی باس جەختدەكاتەوە، بێئاگاییەكی ئاشكرایە كاتێك هەندێك لایەن دەڵێن لیوای پاراستنی سەرۆكایەتی كۆمار سەر بە هێزەكانی پێشمەرگەن، چونكە ئەو لیوایە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق و نووسینگەی سەرۆك كۆمارو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە. ئەوشدەخاتەڕوو، ئەفسەرانی لیوای پاراستی سەرۆك كۆمار لەیەك نەتەوە نین، بگرە عەرەب، كور، توركمانیان، موسڵمان، مەسیحی، سابیئەو ئێزیدیان تێدایەو لە هەموو پارێزگاكانی عێراقەوە كۆكراونەتەوە لە سەر بنەمای دڵسۆزی بۆ وڵات نەك كەسێكی دیكە. بەپێی بەیاننامەكە، هەندێك لایەن بە مەبەستەوە باس لەوەدەكەن گوایە بوونی لیوای پاراستنی سەرۆك كۆمار لە ناوچەی جادرییەی بەغدا بووەتە جێی نارەحەتی دانیشتوانی ناوچەكە، ئەمەش پێچەوانەی راستییەكانە، چونكە ئەو لیوایە هۆی سەقامگیری و بەدیهاتنی ئاسایش بووە لەو ناوچە بە درێژایی چەند ساڵ. محەممەد بدێوی، مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی نووسینگەی رادیۆی دەنگی عێراقی ئازاد لە بەغدا، رۆژی شەممە 22-3-2014 لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو بە ئۆتۆمبیلەكەی لە خاڵێكی پشكنینی هێزی پێشمەرگەی سەر بە لیوای پاراستنی سەرۆك كۆماری عێراق بوەستێ، لەلایەن هێزەکەوە تەقەی لێكرا و كوژرا.