سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا
هاوخەمی خۆی بۆ کوژرانی مامۆستاکەی زانکۆ لە
بەغدا دەردەبڕی و هەروەها ئیدانەی هەندێک لە کاردانەوەکانی دەکات.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە: سەرۆکایەتیی
هەرێمی کوردستان نیگەرانی و دڵتەنگیی خۆی
بۆ گیان لەدەستدانی ئەکادیمی و رۆژنامەنووس
دکتۆر محمد بدێوی رادەگەینێت کە لە رووداوێکی
نەخوازراودا لە رۆژی ٢٢/٣/٢٠١٤ لە شاری بەغدا
بووە قوربانی. هەر بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆمان
بۆ بنەماڵەکەی و سەرجەم میدیاکاران رادەگەیەنین.
هیواخوازین دادگایەکی عادیلانە رێوشوێنی یاسایی
پێویست بگرێتە بەر بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و
یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە. لەم چەند ڕۆژەدا
بەهۆی بەدواداچوونی وردی ڕووداو و لێدوانەكان
هیوامان دەخواست ئەم بابەتە لە سنووری یاسایی
خۆی دەرنەچێت و پێمان باشە یاسا و دەسەڵاتی
قەزایی دوور لە دەستێوەردانی سیاسییەكان ڕۆڵی
بێلایەنانەی خۆی بگێڕێت. دوای ڕووداوەکە لێدوان و
هەڵوێستی هەندێ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی
بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی
پێکهاتەکانی عێراق و فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان و
نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان هاووڵاتییاندا.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین رای گشتی عێراقی ئاگادار
بکەینەوە کە نابێت رێگا بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت
درز بخاتە ناو برایەتیی پێکهاتەکانی عێراق و بازرگانیی
بە گیانی دکتۆر محمد بدێوی بکرێت. جێگەی داخە لە
دوای ڕوودانی ئەم كارەساتە سەرۆك وەزیرانی عێراقی
وشەی نامۆ و ناشرینی خوێن لەبەرانبەر خوێنی بەكار
هێناوە كە دوورە لە بنەماكانی باڵادەستیی یاسا و
دەوڵەتداری و كولتووری پێكەوەژیان و دیموكراسی.
لە سایەی زێدەڕۆیی هەندێ لایەن و ئەم دۆخە ئەمنییە
نالەبارەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە خەڵكێكی زۆر
كوژراوە و لەم چەند ساڵەدا 400 مامۆستای زانكۆ لە
عێراقدا تیرۆر كراون و كەس خۆی نەكردە خاوەنی
خوێنیان و دەسەڵاتی بەغدا هیچ هەوڵێكی نەدا بۆ
دۆزینەوەی تاوانباران. ئێستا كە هاووڵاتییەكی كورد
لایەنێكی ئەم ڕووداوە نەخوازراوەیە دەیانەوێت لەڕووی
سیاسییەوە ئیستغلالی بكەن و بیكەنە بابەتێكی زۆر
مەترسیدار و هەوڵێك بۆ نانەوەی فیتنەی نێوان نەتەوە و
پێكهاتەكانی عێراق. بۆیە بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداو و
کاردانەوەیەکی ئەم ڕەوشە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی
دەیانەوێ ڕووداوەکە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنن.
ئەگەر دەستەڵاتدارانی عێراقی بەم لۆژیكە سەیری
ڕووداوەكان دەكەن پرسیار ئەوەیە كێ خوێنی 5000
شەهیدی هەڵەبجە و 182000 ئەنفال و 8000 بارزانی
و 12000 فەیلی دەداتەوە؟ سەرباری ئەم قوربانییە
مەزنە گەلی كورد لەپێناو بنیاتنانی ژیانێكی تازە و
هیوایەكی نوێ هیچكات ئامادە نەبوو بڵێ: " خوێن
لەبەرانبەر خوێن". لێرەدا بەناوی گەلی كوردستان
دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە لەم كەیسەدا قەزا
دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان ئەم كێشەیە
یەكلایی بكاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت دەنگی ناقۆڵا
بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بكەن.
گەلی كوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و
پێكەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی
بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەك
كێشە دروست بكەن با بێن و پێكەوە دانیشین و
كۆتایی بەم پەیوەندییە پڕكێشەیە بێنین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان 24ـی 3ـی 2014