"بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە نابەسترێتەوە بە قەزاكانی دیكەوە"

دادوەر لە كەیسی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە رەتیدەكاتەوە بڕیاری بە پارێزگاكردنی ئەو شارە ببەسترێتەوە بە قەزاكانی دیكەوەو بكرێنە یەك پاكێج. هاوكات سستی كارەكانی ئێستای پەرلەمانیش بە هۆكاری دواكەوتنی بڕیارەكە دەزانێ.   مەحمو‌ود ساڵح حەسەن، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی نیشتمانی و دادوەر لە كەیسی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە، سەبارەت بە دوایین بەرەوپێشچوونەكانی بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: هێشتا هیچ بەرەوپێشچوونێك نییەو نەخراوەتە ئەجێندای دانیشتنەكانی پەرلەمان‌و كارەكانی نیمچە وەستاوە".  ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی بڕوای وایە، كە ئەگەر پرۆژەكە بگاتە پەرلەمان بە كۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر دەدرێت، "چونكە هەڵەبجە تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیچ كێشەیەك نییە لەسەری". پرسی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لە 31-12-2013 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر درا‌و نێردرایە پەرلەمان، بەڵام تاوەكو ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە. باس لەوە دەكرێ كە پێشكەشكردنی پرۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لەگەڵ بڕیاری بەپارێزگاكردنی تەلەعفەر، دووزخورماتوو ‌و فەللوجە بەیەك پاكێج دەخرێتە كارنامەی پەرلەمان، بەڵام مەحموود ساڵح ئەوەی رەتكردەوەو گوتی: "هەریەك لە‌و شارانە بەجیا مەمەڵەیان لەگەڵ دەكرێ، تەلەعفەر كێشەی نییە و كەیسی بە پارێزگاكردنی نێردراوە بۆ پەرلەمان، بەڵام بە پارێزگاكردنی دووزخورماتوو بابەتێكی هەستیارە و پێناچێ دەنگی لەسەر بدرێت‌و تاوەكو ئێستاش رەوانەی پەرلەمان نەكراوە". پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵەبجەییەكان خۆپێشاندانێكی جەماوەری بۆ زووبەزوو جێبەجێكردنی بڕیاری بەپارێزگاكردنی شارەكەیان ئەنجام دەدەن، ئەوان داوا دەكەن ئەو بڕیارە بەر لە ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شارەكە 16-3 دەربچێ، بەڵام مەحموود ساڵح دادوەری كەیسەكە پێیوانییە لەو وادەیەدا بڕیارەكە دەربچێ و هۆكارەكەشی دەخاتە ئەستۆی پەرلەمان.