سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی
BDP، لەبارەی بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپاوە گوتی:
"پێویستە حكومەتی توركیا لەمیانی گۆڕانكاریی یاساییەوە، رێگە
بە ئازادكردنی مەرجداری ئۆجەلان بدات". دوای ئەوەی لە سالی
2007 پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی
كرێكارانی كوردستان دۆسیەی ئۆجەلانیان گەیاندە دادگای مافەكانی
مرۆڤی ئەوروپا، دوێنێ دادگاكە بڕیاری لەسەر دۆسیەكەدا. دەمیرتاش
لەبارەی بڕیارەکەی دادگا گوتی، ئەمە "بڕیارێكی باشە" و حوكمدانی
ئۆجەلان بە زیندانی هەتایی بە "پێشێلكاری" ناوبرد. دەمیرتاش رایگەیاند،
پێویستە حكومەتی توركیا لەمیانی گۆڕانكاریی یاساییەوە، "رێگە بە
ئازادكردنی مەرجداری ئۆجەلان بدات، بەپێی رێككەوتننامەی دادگای
مافەكانی مرۆڤیش ناكرێ كەسێك تاوەكو دەمرێ لە زیندان بەند بكرێ،
دەبێ رۆژێك هەر بێت ئازاد بكرێ". هاوسەرۆکی BDP جەختیشی كردەوە:
"دادگای مافەكانی مرۆڤ دانی بەوەدا ناوە، كە ئەم زیندانیكردنە پێشێلكارییە،
هاوكات بەپێی یاسای ژمارە 3 ی دادگاكە ئەو رەوشەی لە زیندانی
ئۆجەلاندا هەیە، پێشێلكاری دەقی یاسای ئەشكەنجەدانە، ئەوەی لەوێ
روودەدات وەك ئەشكەنجە دایناوە". ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە توركیا
لەوبوارەدا هەمواری یاسای سزادان بكاتەوە، جێبەجێكردنی بڕیارەكەی
دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا كاری حكومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانە
و لەماوەی 3 مانگدا جێبەجێ بكرێت، ئەگەر جێبەجێ نەكرێت، كۆمیتەی
وەزیران لە كۆنسەی ئەوروپا پرسەكە دەخاتە رۆژەڤەوە". داوایشی كرد،
كە پێویستە حكومەتی توركیا دوای هەڵبژاردنەكان (هەڵبژاردنی
شارەوانییەكان لە 30ـی ئاداری 2014) پشكنین بۆ ئیمراڵی بكات و كۆتایی
بەو رەوشە بهێنێت، بڕیارەكەش بەهەمانشێوە داوای ئەوەی كردووە،
ئێستا لەسەر حكومەت كەوتووە هەموو ئەوانە لەبەرچاو بگرێت.
دوێنێ سێشەممە 18/03/2014 دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری
لەسەر دۆسیەی ئۆجەلان دەركرد و بە پێشێلكاری سێ ماددەی رێككەوتننامەی
دادگاكەی دانا و داوای كرد پێویستە ئۆجەلان بە مەرج ئازاد بكرێت و توركیاش
یاسای سزادانی بگەیەنێتە ئاستی وڵاتانی جیهان.