هەركەسێك مافی دەنگدانی هەبێت و بەشداری نەكات بە 22 لیرە سزادەدرێت





بە بەشداری 26 پارتی سیاسی پرۆسەی هەڵبژاردن لە توركیا دەستی پێكردوو ، هەر كەسێكیش مافی دەنگدانی هەبێت و بەشداری پرۆسەكە نەكات ئەوا بەپێی ماددەی یەك لە یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا بە بڕی 22 لیرە سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە لە 81 شاری توركیادا دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان بەرووی دەنگدەران كرایەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی، بەڕێوەبەرو شورای ئاواییەكان، لەم پرۆسەیەدا 26 پارتی سیاسی ناوخۆیی توركیا لە كیبڕكێدان و 52 ملیۆن و 645 هەزار و 841 كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوخۆیی توركیا پرۆسەی دەنگدان لە رۆژهەڵاتی توركیا لە حەوتی بەیانییەوە تاوەكوو چواری ئێوارە و لە بەرەی رۆژئاوادا پرۆسەكە لە هەشتی بەیانیی تاوەكوو پێنج ئێوارە بە كاتی ئەنقەرە بەردەوامی دەبێت.

هەر وەك لە ئامارە فەرمییەكانی توركیا رێژەی دەنگدەری ئافرەت بە بەراورد بە پیاو زیاترە و ژمارەی ئافرەتانی مافی دەنگدانیان هەیە 26 ملیۆن و 704 هەزار و 757 كەسە بەڵام ژمارەی دەنگدەرانی پیاو 25 ملیۆن و 991 هەزار و 75 كەس راگەیەندراوە.

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، بۆ كۆكردنەوەی دەنگەكان لە سەرتاسەری وڵاتدا 194 هەزار و 310 سندووقی دانراوە و هەر كەسێكیش مافی دەنگدانی هەبێت و بەشداری پرۆسەكە نەكات ئەوا بەپێی ماددەی یەك لە یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا بە بڕی 22 لیرە سزا دەدرێت.

بەپێی راگەیەندراوی پێشوەختە، دوای داخستنی ناوەندەكانی دەنگدان و دوای هەڵاوێركردنی تێكڕای دەنگەكان، كاتژمێر 12ی ئەمشەو بەكاتی ئەنقەرە ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن.
ا.ڕ