پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ شكستیان هێناوه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ لیستی‌ "تیرۆر" ده‌ریان بهێنێت‌

پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ شكستیان هێناوه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ لیستی‌ "تیرۆر" ده‌ریان بهێنێت‌





پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان شكستیان هێناوه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ لیستی‌ "تیرۆر" ده‌ریان بهێنێت‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش نزیكه‌ی‌ 10 ملیۆن دۆلار له‌و وڵاته‌ خه‌رجكردوه‌ كه‌ به‌شێكی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بوه‌.

به‌پێی‌ یاسای‌ (پاتریۆت)ی‌ ئه‌مریكی‌، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هاوشانی‌ په‌كه‌كه‌‌و چه‌ند پارتێكی‌ تری‌ عێراقی‌‌و وڵاتانی‌ تر خراونه‌ته‌ لیستی‌ “تیرۆر”ه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ دژایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌ساڵانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ رژێمی‌ به‌عس.

به‌پێ ئه‌و داتایانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا كه‌ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ بڵاویكردونه‌ته‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌یه‌كێتی‌و پارتیه‌وه‌ له‌دوای ساڵی‌ 2003وه‌ خه‌ریكی لۆبیكردنن له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایێكی ئه‌مریكی له‌وانه‌ (BGR Government Affairs,‌وGreenberg Traurig, ‌و Slocum & Boddie, PC) چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تر.

رۆژنامه‌ی‌ نیویورك تایمز 28/10/2007 بڵاویكردۆته‌وه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌واشنتن خه‌رجیكردوه‌ له‌2005وه‌ تا كۆتایی 2007 گه‌یشتۆته‌ یه‌ك ملیۆن‌و 240 هه‌زار دۆلار.

هاوكات به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌سه‌ر سایتی فۆرین لۆبینگ هه‌یه‌ -لۆبیكردنی وڵاتانی بیانی له‌ئه‌مریكا تۆمار‌و ئاشكراده‌كات- حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ره‌تای‌ 2008 تا 19/9/2010 بڕی زیاتر له‌هه‌شت ملیۆن‌و 400 هه‌زار دۆلاری‌ خه‌رجكردوه‌ بۆ لۆبیكردن له‌ئه‌مریكا.

رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ كۆی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌شه‌ش ساڵدا خه‌رجكراوه‌ له‌واشنتن نزیكه‌ی‌ 10 ملیۆن دۆلاره‌ كه‌ به‌شێكی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌رهێنانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بوه‌ له‌لیستی‌ “تیرۆر” به‌ڵام ئه‌نجامی‌ نه‌بوه‌.



سه‌رچاوه‌ ماڵپه‌ڕی KNNC