هەر لایەنێك كێشە دروستبكات بەشداری حكومه‌تی پێناكرێت


هەر لایەنێك كێشە دروستبكات بەشداریپێناكرێت
پارتی دوا مۆڵەت‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومەت‌و رێككەوتنی لایەنەكان دیاریدەكات



لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ پارتی دوا مۆڵەتی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومەت‌و رێككەوتنی لایەنەكان دیاریكردووەو هەر لایەنێكیش كێشە دروستبكات بەشداریپێناكرێت.

ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و كۆمەڵ ئیسلامی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەشاری هەولێر كۆبوونەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەشارپرێسی ڕاگەیاند "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پارتی دوا وادەی پێكهێنانی حكومەتی دیاریكردووەو هەوڵەكانیش چڕتردەكاتەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەت".

سەرچاوەكەی شارپرێس ئاماژەی بەوەكرد "پارتی دیموكرات ناوەڕاستی ئەم مانگەی وەكو دوا مۆڵەت بۆ رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت دیاریكردووەو لەدوای ئەم ماوەیەشدا داوای ناردنی ناوی وەزیرو بریكار وەزیرەكان دەكات‌و دەبێت بەر لەم وادەیە سەرجەم كێشەكان یەكلاكرابێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاند "بڕیارە لەو ماوەیەدا  نێچیرڤان بارزانی وەڵامی سەرجەم داواكارییەكانی لایەنە سیاسییەكان بداتەوە". 

بەوتەی سەرچاوەكەی شارپرێس ئەگەر تائەو وادەیە هەر لایەنێك لەسەر كابینەی نوێ رێكنەكەوێت، ئەوا لەپێكهێاتەی كابینەی نوێ دووردەخرێتەوە، چونكە نێچرڤان بارزانی لەكۆبوونەوكە "وتبووی دەبێت سەرەتای مانگی سێ‌ حكومەت ڕابگەیەنرێت". 

ماوەی زیاتر لەچوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوەو تائێستا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوونەتە رێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت.