راگەیەنراوی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانیو نەوشیروان مستەفا
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2014، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، سەردانی مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان ـ ی لە سلێمانی كرد و لە لایەن نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەك لە سەركرەكانی بزووتنەوەكەوه، پێشوازییان لێ كرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشێكی برایانەدا بە ڕێوە چوو، ڕەوشی ئێستای ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسی و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە حكوومەتێكی بنكەفراوانی خزمەتگوزاری كاریگەر بێت و ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، هەروەها پەیوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق و كێشەكانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە، بە تێروتەسەلی خرانە بەر باس و تاوتوێ كران.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوولا و داكۆكی لەسەر پێكەوەژیان و فرەیی و یەكڕیزیی و تەباییی تەواوی هێز و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.