هەولێر ئاو دەبڕێ.. بەغدا ئاسمان دەگرێ



گوشارەكانی حكومەتی ناوەند بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە نەناردنی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانەوە نەوەستا، لە تازەترین پێشهاتدا بەغدا گەشتی هێڵە ئاسمانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپاشی راگرتووە. تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە 22-2-2014 هێڵی ئاسمانی جێرمانیا و هۆرمۆز، كە بەرەو سوێد و ئەڵمانیا دەڕۆن حكومەتی بەغدا رێگەیان پێنادات بگەڕێتەوە و تاوەكو ئێستا ئەو هێڵە راگیراوە. تەلار فایەق بێئاگایی خۆی دەربڕی لەوەی كە ئەو بڕیارە لەلایەن كێوە دەركراوە و گوتی:"نازانین كێ بڕیاری داوە ئەو هێڵانە رابگیرێن و بەغداش هیچكات پێمان ناڵێت كە ئەو بڕیارانە كێ دەریدەكات، بەڵام ئەو هێڵانە كە داوای P.T.R -یان كردووە بۆ گەڕانەوە، بەغدا ئەوەی پێنەداون". بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوەشی گوت: "وەك بیستن و قسە و باس دەڵێن گوایە لەسەر بڕیاری مالیكی بووە، بەڵام وەك نو‌وسراو هیچمان پێنەگەیشتووە كە دڵنیا بین". ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی وزە سەریهەڵدا، چونكە بەغدا رازی نییە هەرێمی كوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە بكات ئەگەر تەواوی پارەكەی نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سوورە لەسەر سیاسەتی وزەی خۆی ‌و جەختدەكاتەوە كە نەوت هەناردە دەكەن ‌و لە داهاتەكەشی 17%ی هەرێمی كوردستان گلدەداتەوە. دوێنێش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی  "هەرێمی كوردستان تازە ناگەڕێتەوە دواوە". دوای ئەو ناكۆكییە لەسەر پرسی وزە، بەغدا بڕیاریداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەنێرێت وەك گوشارێك بۆ سەر هەولێر، بەڵام هەولێریش لەبەرامبەردا یەكەم كارتی گوشاری بەكارهێناوە، كە بەرنەدانەوەی ئاوی بەنداوی دوكانە، كە بەشێكی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكانی عێراق پشتی پێدەبەستن. رێگریكردن لە گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستانیش كارتی دووەمی بەغدایە دژی هەولێر. تەلار فایەق ئاماژە بە ئاستەنگ درووستكردنی بەردەوام دەكات لە سەر رێگای گەشتە ئاسمانییەكان و دەڵێت:"ئەوان بەردەوام لە هەوڵی ئاستەنگ درووستكردنن و بۆ نموونەش لۆفت هانزا لە هەفتەدا چوار گەشتی هەبوو پێیان كردن بە دووان". ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا وەك چاودێران دەڵێن ئێستا لە خراپترین ئاستیدایە، هەربۆیە چەند لایەنێك بڕیاریانداوە نێوەندگیریی بكەن.  ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وەك یەكەم كەس دەستپێشخەریی كردووە‌و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند دێتە هەولێر و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدات. هاوكات زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆ رووداو گوتی "بەبێ لایەنی سێیەم ئەستەمە هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن".  ئەمەش لەكاتێكدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە بە رێگەی گفتوگۆی دوولایەنە كێشەكان چارەسەربكرێن. سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی گوت "هیوادارین كێشەكان نەگاتە ئەوەی ناوبژیوانی بكرێین

سه‌رچاوه‌ سایتی رووداو