لێدوانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی رەوانەكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان
سەرەڕای ئەوەی دابەشكردنی مووچە لە عێراق دەستیپێكردووە، بەڵام حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە.
د.فازل نەبی، بریكاری وەزیری دارایی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردووە. ئەمە لەكاتێكدا دابەشكردنی مووچە لە عێراق دەستیپێكردووە.
بریكاری وەزیری دارایی عێراق كە كوردە دەڵێت، لەگەڵ سەفادین سافی، وەزیری دارایی عێراق بەوەكالەت لەسەر ئەو بابەتە بە تووندی قسەم كردووە، ئەوان دەڵێن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وردبینی دەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا مەسەلەكە سیاسییە و بە ئەنقەست رەوانی ناكەن.
د.فازل نەبی گوتیشی، حكومەتی عێراق هەفتەی یەكەمی هەموو مانگێك، مووچە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ئەو مانگە تاوەكو ئێستا رەوانەی نەكردووە. هاوكات رەتیكردەوە بەغدا بەهۆی كێشەی كەمی پارە موچەی رەوانە نەكردبێت.
بریكاری وەزیری دارایی عێراق دەڵێت سبەی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران عێراق تاوتوێ دەكرێت و وەزیرانی كورد خۆیانیان بۆ ئامادەكردووە.
راشیگەیاند، منیش نامەی دەست لەكاركێشانەوەم نووسیووە و ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانم پێ چارەسەر نەكرا، ئەوا دەست لەكاركێشانەوەكەم رادەستی د.رۆژ نوری شاوێس، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی دەكەم.
سهرچاوه ماڵپهری رووداو