لەنێو بینایەكی كرێ و نەشیاودا كتێبخانەی گشتی سۆران دەیەوێت خوێندنەوە بەكلتور بكات!!
لەسۆران پاش چاوەڕوانییەكی زۆر كتێبخانەی گشتی بەسەرەتایەكی پڕ لەگرفت و
كەموكورتی كرایەوە، ئەمەش لەكاتێكدابوو كەهاووڵاتیان چاوەڕوانبوون حكومەتی
هەرێم كتێبخانەیەكی مۆدێرن بۆشارەكەیان دروستبكات، بەجۆرێك تەواوی
پێداویستییەكانی تایبەت بەكتێبخانە لەخۆبگرێت، بەتایبەتی لەڕووی پەرتوك و هۆڵ
وكافتریا، بەڵام دواتر بیرۆكەو بەڵێنی كردنەوەی كتێبخانە لەبینانەكی كرێدا جێبەجێ
كرا. واتا ئێستا كتێبخانەی گشتی سۆران لەخانوویەكی ئاساییدا كرێچییەو ئەم
خانووەش زیاتر بۆماڵ دەگونجێت نەك بۆكتێبخانە! هەر لەم خانووەدا كتێبخانەی
گشتی سۆران گرفتارە بەدەست كەمی ژووری راپەڕاندنی كارەكان و بچووكی هۆڵی
كتێب، هەروەها نەبوونی هۆڵی خوێندنەوەو بەشەكانی تر، سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا
كتێبخانەی گشتی سۆران كارەبای بەردەوامی نییەو لەهێڵی ئەنتەرنێتیش بێبەشن. لەم
بارەیەوە رۆژنامەنووسان و خوێنەران رەخنە لەچۆنێتی هەنگاوی كردنەوەی
كتێبخانەكە دەگرن. رۆژنامەنووسێك دەڵێت" كتێبخانەی گشتی بەدەست بێ پلانی
وەزارەتی رۆشنبیری گیری خواردووە. لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی
سۆرانیش رایگەیاند" داوامانكردووە بینایەكی شیاو دروستبكرێت، بەڵام لەلایەن
وەزارەتی رۆشنبیری هیچ پلانێك نییە.
هێڵی ئەنتەرنێت و كارەبای نییە!!
كتێبخانەی گشتی پێویستە خاوەنی كۆمەڵێك خەسڵەت و تایبەتمەندی بێت، بەدیوێكی تر
پێویستە كتێبخانە گشتییەكان پلانێكی بەردەوام و هەمەجۆریان بۆپەیوەستكردنی
مرۆڤ
بە پەرتوك هەبێـت، واتا ئەركی سەرەكیان دەبێت بەكلتوریكردنی خوێندنەوە بێت.
نەریمان ئەسعەد وەك خوێنەرێك لەبارەی گرفتەكانی كتێبخانەی گشتی و ناوەڕۆكی
كتێبخانەكە، نیگەرانی خۆی خستەروو گوتی" بیرۆكەی كردنەوەی كتێبخانە
زۆرگرنگ بوو، بەڵام بەسستی و بێ پلانی هەنگاوەكە جێبەجێكرا، كە پێویستبوو
بینایەكی باش و گونجاوی بۆدروستبكرابوایە، نەك هەر رۆژەو لەبینایەك و
لەهەمووشی سەیرتر ناكرێ بگوترێت كتێبخانەی گشتی! چونكە لەناوەڕۆكدا
كەموكورتی زۆری هەیە،بۆنمونە پێویستە لەچوارچێوەی كتێبخانە چەندین بەش و
ژووی تایبەت هەبێت، بۆئەوەی سەرنجی خوێنەرو قوتابیان رابكێشن، بەتایبەتی هۆڵ
و كافتریا، نەك تەنیا دانانی چەند رەفەیەك و هێنانی پەرتووك.! نەریمان زیاتر
تیشكی
خستە سەر ئەو بابەتەو گوتی" دەبێت كتێبخانەی گشتی بۆبەكلتوریكردنی خوێندنەوە
پلانی هەبێـت. بۆئەم مەبەستەش چەندین بەرنامەی درێژخایەنی هەبێت، كەجۆرێك
لەپەیوەندی لەنێوان تاك و پەرتوك دروستبكات، یان چالاكی رۆشنبیری ئەنجامبدات،
بەڵام ئایا بەو سیستەمە وشك و تەقلیدییە دەتوانێت ئەو كارە بكات؟ بێگومان نەخێر،
چونكە لەبینای كرێ و بەو توانایە كاركردن زۆر سەختە. ئەوەی ئاگاداربم كتێبخانەی
گشتی سۆران چەندین كێشەی هەیە، تەنانەت هێڵی ئەنتەرنێت و كارەباشی نییە، بۆیە
رەخنەو گلەییەكان لەجێگای خۆیدایە. پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری بیر لەچارەكردنی
ئەو كێشەیە بكاتەوە، نەك بێدەنگی و فەرامۆشكردن.
حكومەت كرێچی بێت، دەبێ هاووڵاتی رەشورووت چۆن بێت؟!!
كردنەوەی كتێبخانەی گشتی بۆقەزای سۆران داواكاری تەواوی چین و توێژەكانی
شارەكەبوو، بەتایبەتی رۆژنامەنووسان، رێگای كوردستان پەیوەندی بەئیسماعیل
ئیبراهیم سەرنووسەری هەفتەنامەی زاری كرمانجی كرد، ناوبراو سەبارەت
بەكێماسی و ئاریشەكانی كتێبخانەی گشتی سۆران و خاسیەت ومەرجەكانی
كتێبخانەی
مۆدێرن گوتی" بەر لەهەموو قسەیەك پێویست بگوترێت كە لەقەزای سۆران هیچ
دامەزراوەیەك بینایەكی وای نییە كەپڕ بەپێستی خۆی بێت و بۆراپەڕاندنی ئیشوكاری
هاووڵاتیان گونجاوبێت، بەڵكو بەتەواوی ئەو دامەزراوانەش كەكرێچی نین و
لەبینایەی خۆیاندان، بیناكانیان وەك پێویست نییەو بەشێكی زۆریان بەر لەوادەی
تەواوبوونی كاتی سیانە كێشەیان تێكەوتووە.! ئەو رۆژنامەنووسە زیاترگوتی" ئەگەر
سەیری بینایەكی وەك قایمقامییەت بكەین كەزیاتر لەبینایەی گرتووخانە دەچێ، نەك بە
قایمقامییەت! یان بینای كتێبخانەی گشتی پێویستە بەشێوەیەك دروستبكرێت،
كەرەچاوی تەواوی پێداویستییەكانی كرابێـت، كەبریتین لەچەندین هۆڵی گەورەو
بچووك، واتا هەم بۆخوێندنەوە بشێن، هەمیش هێڵی ئەنتەرنێت و كۆمپیوتەری لێ
بێـت، هەروەها پێویستی بەكافتریا و شوێنی پشودانی كاتی هەیە. ئیسماعیل ئیبراهیم
گوتیشی" كتێبخانەی گشتی سۆرانیش بەدەست ئەو بێ پلانییەی وەزارەتی رۆشنبیری
گیری خواردووە، چونكە هیچ راست نییە بڕیاری كردنەوەی كتێبخانە بدات، بێ
ئەوەی بینایەی بۆدروستكردبێت و كەلوپەلی پێویستی بۆدابینكردبێت. كاتێ بەتەنیشت
كتێبخانەی گشتی تێدەپەڕم، هەم بەزەییم پێدا دێتەوە، هەمیش پێكەنینم بەودۆخە دێت
كەدامەزراوەكانی سۆران تێی كەوتوون! نازانم حكومەت چۆن شەرم لەخۆی
ناكەتەوە؟! بەو هەموو توانایەوە هێشتا ساڵانە تەنها لەقەزای سۆران سەدان ملیۆن
دینار دەدرێتە كرێی خانوو، جاحكومەت كرێچی بێت، دەبێ هاووڵاتی رەشورووت
چۆن بن؟!!.
كتێبخانەكە هۆڵی خوێندنەوەی نییە!
لەلایەكی تر "معاف مەناف" بەرێوەبەری كتێبخانەی گشتی سۆران گوتی" هەر لەگەڵ
دەرچوونی فەرمانی كردنەوەی كتێبخانە، هەموو هەوڵێكی خۆماندا بۆدروستكردنی بینا
بۆكتێبخانە، وەك بەرێوەبەری كتێبخانە رام وابوو كتێبخانەی سۆران نەكرێتەوە، تاكو
بینای بۆدروستدەكرێت. ناوبراو زیاتر تیشكی خستە سەر گرفتەكانی كتێبخانەكەو
گوتی" ئێستا كتێبخانەی گشتی سۆران لەخانوویەكدایە، كەبەهیچ جۆرێك بۆكتێبخانە
گونجاو نییە، چونكە دەبێ كتێبخانە بینایەكی تایبەت بەخۆی هەبێت و هەموو
بەشەكانی بۆدابینبكرێت، وەك كافتریاو بەشی خوێندنەوەو هۆڵی چالاكی. بەرێوەبەری
كتێبخانە گوتیشی" لەرێگای خۆمانەوە داوامان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكان
و بەرێوەبەرایەتی گشتی لەوەزارەتی رۆشنبیری كردووە، بەڵام ئەوان هیچ پلانێكیان
نییە. بەرێوەبەری كتێبخانەی سۆران ئەوەشی خستەروو گوتی" لەسەرچاوەیەك
پێمانگەیشتووە كەبەڕێز نێچیرڤان بارزانی بینایەكی تایبەت بۆكتێبخانەی گشتی
سۆران
دروستدەكات، بەڵام تائێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە، لەگەڵ ئەمەش لەلایەن
شارەوانی و قایمقامیەتی سۆران زەوی بۆبینای كتێبخانە دیاریكراوە. ئێمەش
داواكارین بینا بۆكتێبخانەی گشتی سۆران دروستبكرێت. معاف مەناف گوتی"
لەهەموو بوارێك پەرتوكمان نییەو هەربەهۆی نەبوونی نەسریەش ناتوانین چالاكی
ئەنجامبدەین. جێگای باسە دووساڵ بەر لەئێستا لەخانوویەكی كرێدا كتێبخانەی گشتی
سۆران كرایەوە، وێڕای گرفتی نەبوونی بینایەكی پێویست و مۆدێرن، لەهەمانكاتدا
هاووڵاتیان ئەم ژمارەیەی ئێستای كتێبەكان بەكەم دەزانن و هیواخوازن كەپەرتوكی
زیاترو جۆراوجۆریش دابینبكەن، كەئێستا ئەم كتێبخانەیە خاوەنی( 7000) پەرتوكی
جۆراوجۆرە، هەربەهۆی نەبوونی هۆڵی خوێندنەوە، هاووڵاتیان بەكەمی سەردانی
كتێبخانەكە دەكەن. لەلایەكی تر لەقەزای سۆران بەشێكی زۆری فەرمانگەو
بەرێوەبەرایەتییەكان لەبینای كرێدان، كەبەهۆیەوە ساڵانە پارەیەكی زۆر بەكرێی
بینایەكان دەدرێت.
سهرچاوه ماڵپهری رێگای كوردستان
سهرچاوه ماڵپهری رێگای كوردستان