سێ پەرلەمانتار جەستەی خۆیان دەبەخشن

سێ پەرلەمانتار جەستەی خۆیان دەبەخشن



لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان، سێ پەرلەمانتار دەبنە ئەندامی رێكخراوی جەستەبەخشانی كوردستان‌و یەكێك لەوانە دەڵێ‌: "بەدەر لەبەخشینی جەستەمان، دەمانەوێت كارەكانی رێكخراوەكە بەپێی یاسا رێكبخەین".

زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند وەكو ئەندام پەرلەمانێك فۆرمی ئەندامبوونی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی دوای مردنی، جەستەی ببەخشێتە ئەو كەسانەی كەپێویستیان پێیەتی. 

گوتیشی كە جگە لە خۆی، هەردوو پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان رێواش فایەق و حەیات مەجید بوونەتە ئەندامی ئەو رێكخراوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد تاوەكو ئێستا خۆی و پەرلەمانتارە هاوڕێكانی فۆرمی ئەندامبووەنەكەیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ رێكخراوەكە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە دەبێت رەزامەندنی 8 كەسی خێزانەكەی لەسەر فۆرمی ئەندامبوونەكە بێت، بۆ ئەوەی لەدوای مردنی كەسی جەستەبەخش، لەلایەن خێزانەكەیەوە كێشە بۆ رێكخراوەكە دروست نەكەن، "هەموو كارەكانم تەواو كردووە، لەم رۆژانەدا فۆرمەكە دەگێڕمەوە بۆ رێكخراوەكە‌و دەبمە ئەندام".

فەرهاد قادر، سەرۆكی رێكخراوی جەستەبەخشانی كوردستان رایگەیاند تاوەكو ئێستا نزیكەی 80 ئەندامیان هەیە. ئەو گوتیشی"بەهۆی كێشەی داراییەوە ناتوانین لقەكانمان لەسەرجەم شارەكانی كوردستان بكەینەوە، بەو هۆیەشەوە زۆربەی ئەندامەكانمان لەشاری سلێمانین".

رێكخراوی جەستەبەخشانی كوردستان ساڵی رابردوو لەشاری سلێمانی دامەزرا، لەسەر بنەمای بەخشینی جەستەی ئەو كەسانەی دەمردن، دواتر بەخیشنی بەشێك لە جەستەیان بە كەسانێك كە پێویستیان پێیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانە تاوەكو لەژیاندان دەتوانن بەخواستی خۆیان بەشێك لەجەستەیان ببەخشن، بەمەرجێك كاریگەری نەبێت لەسەر تەندروستی خۆی.

 هاوكات زانا عەبدولرەحمان، ئاماژەی كرد بەوەی ئەوان دەیانەوێت، بەپێی یاسا خاڵێكی دیكە بۆ بەخشینی جەستە زیاد بكەن، لەپاڵ بەخشینی جەستە بەكەسانی نەخۆش، بتوانن جەستەیان ببەخشنە ناوەندی پزیشكی بۆ شیكاری پزیشكی.


سه‌رچاوه‌ سایتی رووداو