مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەفدێك دەنێرێتە لای كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح

مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەفدێك دەنێرێتە لای كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح


مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاریدا وەفدێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنێرێتە لای كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح.

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەشاری سلێمانی كۆبووەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە لەكۆبوونەوەكەدا باس لەكێشە هەنووكەییەكانی ئێستای یەكێتی كراوەو نیگەرانی دەربڕاوە لەسەر ئەو دەنگۆیانەی لەناو رێزەكانی یەكێتی بەهۆی هەڵوێستەكانی هەردوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتییەوە دروستبووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریداوە وەفدێك لەچەند كەسێكی مەكتەبی سیاسی پێكبهێنێت بۆ ئەوەی بەجیا بچنە لای هەریەك لەكۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و بەرهەم ساڵح جێگری دەستلەكاركێشاوەی سكرتێری گشتی. 

هەینی پێشوو، هەریەكە لەكۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح بڕیاریاندا نەچنە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی تا كێشەكانی یەكێتی چارەسەرنەكرێت.

هەروەها دوێنێ‌ بەرهەم ساڵح، كارەكانی خۆی وەك جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەڵپەسارد تا كاتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئێران هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەردانەكەش ئەوەیە كە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی چارەسەربكەن.


سه‌رچاوه‌ شارپرێس