راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان


راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان 







مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە دووا کۆبونەوەی 

خۆیدا لە ١١ی شوباتی ٢٠١٤، دووا پەرەسەندنەکانی رەوشی 

سیاسی کوردستان وسەرانسەری عێراق وناوچەکەی خستە بەر 

باس ولێکولینەوە، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی رەهەندو 

ئاراستەی پەرەسەندنەکان و شیکردنەوەی سروشتی ناکۆکی 

وململانییەکان وشرۆڤە کردنی ئاسۆی ئەگەرەکان 

ودەستنیشانکردنی ئەرکە هەنوکەییەکان.



سەبارەت بە رەوشی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی مەکتەبی 

سیاسی ئاماژەی بەو رەوشە نائاساییە کرد کە لە ئاکامی 

نەبوونی 

دراو لە بانکەکان وکورتهێنانی بودجە ونەبوونی توانای پیدانی 

موچەی فەرمانبەران وکارمەندانی دەولەت وپێشینەی پرۆژەکانی 

وەبەرهێنانی حکومی، هاتۆتەکایەوە، ونائارامی لە نێو بازارو 

زیادبوونی نرخی کاڵا وپێداویستی رۆژانەی خەڵکی لێهاتە کایەوە، 

جگە لە نائارامی دەرونی بە نیسبەت هاووڵاتییانەوە.

هەڵبەتە هۆکاری سەرەکی ئەم هەلومەرجە بۆ هەڵوێستی 

حکومەتی فدرال دەگەرێتەوە کە لە لایەکەوە دوور لە ناورۆکی 

دەستور وبێ بوونی یاسایەکی تایبەت بە نەوت وگاز سیاسەتی 

ئەم بوارە دادەرێژی، ورچاوی مافە دەستورییەکانی هەرێمی 

کوردستان ناکات، لە کاتێکدا ئەم بوارە بە پێی دەستوری عێراقی 

فدراڵ لە دەسەڵاتی سنورداری حکومەتی فدرالدا نییە. لە هەمان 

کاتدا بی بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان ونوێنەرانی 

کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی بودجەی ٢٠١٤ 

دادەرێژێ 

ورەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەکات، جگە لەوەی 

بەشی کوردستان لە بودجەی عێراقدا بە زیاتر لە ٣٦ جار دەنێرێ 

ودواجاریش بە رادەی پێویست رەوانەی ناکات.


بەشێک لە هۆکارەکانی کورتهێنانی بودجەی کوردستان بۆ ئەوە 

دەگەرێتەوە کە حکومەتی فدراڵ لە ساڵی ٢٠٠٧وە بە پێچەوانەی 

دەستور بودجەی هێزی پێشمەرگەی نەنارودوە، بەڵام ئەم هۆکارەو 

تێکرای هۆکارەکانی دیکە کە ئاماژەمان پێکرد، بەرپرسی حکومەتی 

هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە وەلانانێ، ودەکرا 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی 

زانستییانەی ئابوری کاری بۆ چاکسازی لە سیستمی ئابوری 

ودارایی وئیداری کوردستان بکردایە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی 

زیادەخەرجی ودەستگرتنەوە لە خەرجی گشتی وشفافیەت لە 

مامەڵەکردن لەگەل دارایی گشتی، وچاکسازی لە بواری 

بەرێوەبردنی جومگەکانی دەسەڵات، بە جۆرێک سەرچاوی دیکە 

لەتەک داهاتی نەوت بۆ کوردستان دابین بکرێ، وپێداچونەوە بە 

قانونی وەبەرهێنان بکرێ وسیاسەتی بەکارخستنی نوێ ئەنجام 

بدرایە، لە سەر بنەمای ئابوری بازاری ئاراستەکراوە بە ناوەرۆک 

ورەهەندی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک فرسەتی کاری راستەقینە بۆ 

هێزی کاری نیشتمانی بهێنێتە دی وبتوانی لە ئابوری وچەمکی 

دەوڵەتی ریعی دەرباز بێت، وبنەمای سەربەخۆیی ئابوری 

کوردستان دابرێژێ.



مەکتەبی سیاسی جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە هەرێمی 

کوردستان مافی ئەوەی هەیە کە سامانە سروشتییەکانی 

کوردستان وەبەربهێنی بەتایبەتی سامانی نەوت وگاز، لەهەمان 

کاتدا پێویستە تێکرای ئەو پرۆژە قانونانەی پەیوەندییان بە بواری 

نەوت وگاز وشێوازی وەبەرهێنانی و دابەشکردنی داهات 

وشفافیەت 

لە بواری ئەم پیشەسازییەو گرێبەستکانی وچۆنێتی سوودوەرگرتن 

لێی، دابین بکرێ.



هەروەها حزبی شیوعی کوردستان پێی وایە لایەنی کوردستانی 

بەردەوام بێت لەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن سەبارەت بە تێکرای 

دۆسێ هەلپسێدراوەکان نێوان هەرێم وحکومەتی بەغدا بە جۆرێک 

کار بکرێ مافەکانی کوردستان بە شێوەی ئاشتی ودیموکراسیانە 

وبەپێی دەستوری عێراق وقانونەکانی کوردستان مسۆگەربگرێ، 

هەرچەندە کە ناوەرۆکی ململانییەکان بۆ عەقلیەتی قایل نەبوون 

بە فدرالیەت ودابەشکردنی دەسەلاتەکان وداننەنان بە مافی 

رەوای 

گەلی کوردستان لە لایەنی عەقلیەتی حوکمرانییەوە لە بەغدا 

سەرچاوە هەڵدەگرێ.


سەبارەت بە بابەتی دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی 

هەرێمی کوردستان، مەکتەبی سیاسی پێی وایە کە دامەزراندنی 

حکومەتی هەرێمی کوردستان زور دوواکەوتوە، وئەمەش 

نەگەتیفانە کاردەکاتە سەر پێداویستی وبەرژەوەندی خەڵک و 

بزواندنی رێرەوی ئابوری و بەرهەمهێنان وبریاردانی بودجە.



لەلایەکی دیکەوە حزبمان بە نیگەرانییەوە دەروانێتە زیادبوونی تیرۆر 

لەسەرجەم پاریزگاکانی عێراق وپەرەسەندەنی ئالۆزییەکان لە 

پارێزگای ئەنبار وناوچەکانی دەوروبەری، وئەمەش بۆ هەڵەو 

سیاسەتە نابەرپرسیارانەی سەرۆکی حکومەتی فدراڵ 

دەگەرێتەوە، کە دەسەڵاتەکانی قۆرخکردوە وبەدەم داواکاری رەوای 

خەڵکی ئەو ناوچانە نەهات ورێبازی چارەسەرکردنی قەیران بە 

درووستکردنی قەیرانی دیکە پیادەکرد، وئاکامەکانی ئەم 

سیاسەتەش زیادبوونی چالاکی تیروریستان ودرووست بوونی 

مۆلگەی نوێ بوو بۆیان.



ئەم سیاسەتەش دانەبراوە لە عقلیەتی تایفەگەری لە مامەڵکردن 

لەگەل پێشهات و وروداوەکان کە ژیانی سیاسیی لە عێراقدا 

تەنیوە، وگەیشتۆتە تێکرای جومگەکانی دەسەڵات وئاراستەی 

ململانییە سیاسییەکان. هەروەها ئەم ئاراستەیەش دانەبراوە لە 

دەستێوەرادانی دەرەکی وئاراستەکردنی تیرۆریستانی قاعیدە 

وداعش وپاشماوەی بەعس، و کاری مالیکی بۆ جۆشدانی 

تایفەگەری بە مەبەستی مانەوەی بۆ خولی سێیەم لە دەسەڵاتدا. 

شایانی باسە دووا بریارەکانی مالیکی بۆ کردنی دوزخورماتو 

وتەلعەفەر رەنگدانەوەیکی دیکەی ئەو رەهەندە تاییفەگەرانەیە لە 

سیاسەتی مالیکی.



مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان پێی وایە کە تەنها 

رێگا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی عێراق بە بریاردانی پرۆژەی 

دەوڵەتی دیموکراتی مەدەنی لە عێراقدا دەبێ، وئەمەش وا 

دەخوازی لە تەک بوونی سەنگی هێزە کوردستانییەکان، هێزە 

دیموکراتی و مەدەنییەکانی عێراق سەنگ وقورسایی خۆیان لە 

ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 

هەبێ.



کۆبونەوەکە ئاماژەی بە پەرەسندنەکانی وەزعی سوریا کرد و بە 

دڵگرانییەو دەروانێتە ئەوکارەسەتە مرۆییە گەورەیەی لە وڵاتەدا 

بەردەوامە لە ئاکامی سیاسەتی دیکتاتوریانەی حکومەتی سوریا 

وچالاکی چەتەکانی تیرۆر کە لەلایەن قاعیدە وداعش وبە ناوی 

جۆراجۆرەوە ئەنجام دەدرێن، وکۆمەلگای نێودەوڵەتیش بێ 

دەسەڵاتە لەدۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو قەیرانە بە 

جۆرێک گۆرەپانی ئەو وڵاتە بۆتە مەیدانی پاکتاوکردنی ململانییە 

نێودەوڵەتی وهەرێمایەتییەکان، ئەمەش لەسەر حسابی 

بەردەوامبوونی مەینەتی گەلانی سوریایە.



حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بەم بارودۆخە ناهەموارە دژ بە 

هەموو شێوازێکی ئیستبدادی سیاسییە چ لایەن حوکمرانانی 

سوریا ئەنجام بدرێ یان لەلایەن تیرۆریستانەوە کە لە شوێنە 

جۆراجۆرەکانی جیهانەو دەرژێنە ئەم ناوچەیە. حزبمان پشتگیری لە 

تێکۆشانی گەلی سوریا وهێزە دیموکراسی مەدەنییەکانی 

ولەسەر هەمویانەوە پشتگیری لە تێکۆشانی گەلی کوردستان 

وهێزە سیاسییەکانی دەکات ورایدەگەیەنێ کە لەگەل 

ئەلتارناتیفێکی 

دیموکراتی مەدەنییە کە دەستوری دیموکراتی مەدەنی نوێ 

وحکومەتی نوێ بۆ ئەو ولاتە دابین بکات وئازادی تاک ومافی 

سەرجەم گەلانی سوریا دابین بکات. هەر سەبارەت بەم دۆسێیە 

حزبی شیوعی کوردستان پشتگیری لە بریاری دامەزراندنی 

ئیدارەی سەربەخۆ لە ناوچەکانی کوردستانی سوریا دەکات، وپێی 

وایە کە گرنگە زەمینە بۆ یەکبوونی نیشتمانی کوردستانی 

وبەشداری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لەو ئیدارە نوێیە، واڵا 

بکرێ.



سەبارەت بە رەوشی کوردستانی باکور حزیمان پشتگیری لە 

پرۆسەی ئاشتی دەکات و پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی 

تورکیا هەنگاوی عەمەلی لەم بوارەدا ئەنجام بدات.



هەروەها لە کۆبونەوەکەدا رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی 

خستەبەر باس وشیکردنەوە و پێی وایە رەوتی سەرەکی 

پەرەسەندنی روداوەکان لە خزمەتی هێزە مەدەنی 

ودیموکراسییەکانە، وئەمەش پێویستی بە یەکریزی ئەم هێزانە 

وبەردەوابونی تێکۆشانی شەقام هەیە.



کۆبونەوکە بە بۆنەوەی رۆژی شەهیدی شیوعییەوە سڵاونامەی 

خۆی ئاراستەی سەرجەم خانەوادەی شەهیدان دەکات وسەری 

رێز ونەوازش لەبەردەم قوربانی وگیانفیداکاریان دادەنەوێنێ، 

هەروەها داوا لەسەرجەم هاورێیان ودۆست ولایەنگرانی حزب 

دەکات کە کار بۆ بتەوکردنی پێگەی حزب بکەن وپەیوەندییەکانیان 

لەگەل هێزە مەدەنی و دیموکراتییە کوردستنانییەکان بە هێز بکەن 

و خوازیاری ئەوشە کە ژیانی ناوخۆیی سەرجەم حزبە 

کوردستانییەکان لە هەلومەرجێکی ساغلەمی ئەوتە بێت کە 

خزمەتی دۆزی رەوای گەلەکەمان بکات.



مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان



11ی شوباتی 2014