ئەمڕۆ پارتی لەبارەی پێكھێنانی حكومەت ھەڵوێستی خۆی یەكلادەكاتەوە

بەسەرپەرشتی بارزانی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی پێشنیارەكانی گۆڕان هەڵدەسەنگێنێت





ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە كۆدەبێتەوەو دواین هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێشنیارەكانی گۆڕان‌و پێكهێنانی حكومەتەوە رادەگەیەنێت.

لەدوا كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان سێ‌ پێشنیاری خستە بەردەم لیژنەی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیوست ناوی ئاشكرابكرێت بەشارپرێسی راگەیاند "بڕیارە لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەكردایەتی پێشنیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێبكرێت".

ئەو ئەندامەی سەكردایەتی پارتی پێشیوایە تاڕادەیەكی زۆر پێشنیارەكانی گۆڕان كە دەستبەرداری جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، گرێكوێرەكەی كردووتەوە.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی راگەیاند "لەكۆبوونەوكەی ئەمڕۆدا مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجوومەنی سەكردایەتی كە جەنابی سەرۆك بەشداریتێدادەكات، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت‌و داواكاری لایەنەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی وتیشی "لەكۆبوونەوەكەدا دواین هەڵوێستی پارتی بەڕاشكاوانە لەبارەی ئەو پرسەوە دەخرێتەڕوو كە بۆچی حكومەت دواكەوتووە، ناڵێم لەسەدا سەد، بەڵام رەنگە كاتێكی دیاریكراو بۆ داواكاری لایەنەكان دابنرێت".

لەبارەی وەزارەتی ناوخۆشەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان داوایكردووە، ئەو بەرپرسەی پارتی روونیكردەوە ئەو مەسەلەیە كەمێك ئیشكالی لەسەرە، بەوتەی ئەو لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەو پرسەش یەكلادەكرێتەوە كە ئەو وەزارەتە بۆ كێ دەبێت.