زیاتر لە 10 هەزار خانووی دیكەی پرۆژەی گوندی كۆری درووست
دەكرێت
دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر
تیروپشك
بۆ دابەشكردنی 5000 خانووی ناسراو بە (گوندی كۆری) بەسەر
كەمدەرامەت و كرێنشینانی هەولێر لە دیوانی پارێزگای هەولێر
ئەنجامدرا، سەرچاوەیەكی نزیك لە پارێزگاری هەولێر بۆ ماڵپەڕی
پارێزگای هەولێر رایگەیاند كە پارێزگاری هەولێر لە هەوڵی
بەردەوامدایە بۆ دەستەبەركردنی زیاتر لە 10 هەزار خانوی دیكەی
كۆری كە ناودەنرێت بە پرۆژەی خانوی گوندی كۆری 2 و هەروەها
كۆمپانیای جێبەجێكار رەزامەندی دەربڕیوە بۆ درووستكردنی زیاتر لە
10 هەزار خانووی دیكە و دابەشكردنی بە هەمان شێوە.
كۆمپانیای (IKKC) كە كۆمپانیای جێبەجێكاری 5000 خانووی گوندی
كۆریە، لەسەر داوای پارێزگاری هەولێر رەزامەندی دەربڕیوە بۆ
درووستكردنی زیاتر لە 10 هەزار خانووی دیكە. بەپێی زانیاری
سەرچاوەكە بۆ جێبەێكردن و دروستكردنی خانوەكانی ئەم پرۆژەیە
بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەلایەن خۆیەوە لە هەوڵی
جدیدایە بۆ تەرخانكردنی زەوی و پێداویستییەكانی دیكەو جارێكی
دیكە ئەو پرۆژەیەش لەلایەن پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی
پرۆسەی دابەشكردنی دەكرێت.
لەلایەكی ترەوە بڕیار لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و
نیشتەجێبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دراوە بۆ
دروستكردنی 5000 هەزار لە هەولێر و ئەو پرۆژەیەش بۆ كرێنشین
و كەمدەرامەتانەو لەلایەن پارێزگای هەولێر سەرپەرشتیاری
دابەشكردنیان دەكرێت.
جێی ئاماژەیە بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە قەیرانی نیشتەجێبوون
لە هەولێر بەرێژەیەكی بەچاو كەمدەبێتەوە.