ئۆجەلان: هەوڵ دەدەم بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموكراسی لە كێشەی كورددا

ئۆجەلان: هەوڵ دەدەم بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموكراسی لە كێشەی كورددا



عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پەكەكە نامەیەكی تایبەتی بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نووسیوە بەناونیشانی (رۆڵی راستەقینەی من لە تێكۆشانی كورددا بۆ ئازادی) ئەمەش وەك وەڵامێك  بۆ ئەو راپۆرتەی لە كانوونی یەكەمی
ساڵی رابردوودا بڵاوكراوەتەوە و ئۆجەلان وەك سەركردەیەك وەسف كراوە كە خەڵكی لێیدەترسن و دەیپەرستن. لە نامەكەیدا ئۆجەلان نوسیوویەتی: ئەمەتان بۆ دەنووسم وەك وەڵامێك بۆ ئەو راپۆرتەی بڵاوتان كردۆتەوە و بەراوردی من و ماندێلا و نەهرۆ-تان كردووە و منتان وەك كەسێك وەسف كردووە كە لێمدەترسن و دەپەرسترێم، بەڵام من پێشوازیم لەوانە كردووە كە باوەڕیان بە وەستانەوە دژی كۆیلایەتی رەشەكوژی و رەتكردنەوە بووە.  لە بەشێكی تری نامەكەدا هاتووە: دوای 14 ساڵ زیندانی لە دوورگەیەكدا زۆر ئەستەمە من وەسف بكرێم وەك سەرچاوەیەكی ترس بۆ هەموو كەسێك جگە لە دوژمنەكانم. هەر لەنامەكەیدا ئۆجەلان رایگەیاندووە: من وەك نوێنەری داخوازییەكانی 40 ملێون كورد سەیركراوم و متمانەیان پێم بووە و هەوڵ دەدەم بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموكراسی لە كێشەی كورددا, بۆیە من و ماندێلا لێكچوونەكانمان زۆر زیاترە و ئەو هەوڵی داوە رژێمێك لە باشووری ئەفریقا كۆتایی پێ بێنێت و خەڵكیش هەموو متمانەیەكی خۆیان دایە دەست ئەو بۆ ئاشتی وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوە بۆ خەڵكی ئەفریقا، ئامانجەكانی منیش لە رابردوودا بۆ رووناكبوونەوی ئەو ئەستێرەیە بووە بۆ خەڵكی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆ و تێكۆشانمان هەردووكیان گرنگە بۆ دیاریكردنی داهاتووی جووڵانەوەی خەڵكی و ئەوانە نەترسێندراون، بەڵكو متمانەی خەڵكیان هەیە رابەرایەتی پرۆسەكە بكەن.