براكەی كاوە گەرمیانی: مەحمود سەنگاوی، یان باڵێكی تری یەكێتی تاوانەكەی ئەنجامداوە
ئەو هەڵوێستەی كەسوكاری كاوە دوای ئەوەدێت دوێنێ چوارشەممە دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار بڕیاریدا بەبێتاوانی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەدۆسیەكەو ئازادی كرد، هەرچەندە چەند رۆژێك لەمەوبەر وادەی دەستبەسەركردنەكەی بۆ (2)ی مانگی داهاتوو درێژكردبووەوە.
كاروان ئەحمەد برای كاوە گەرمیانی بەرۆژنامەكەی راگەیاندووە "هەڕەشەكەی سەنگاوی بووە هۆی كوژرانی براكەمان، یان خۆی تاوانەكەی ئەنجامداوە یان باڵێكی تری ناو یەكێتی بۆ تێوەگلاندنی ئەو ئەنجامیداوە".
لای خۆشییەوە كاوە لەتیف پارێزەری دۆسییەی كاوە گەرمیانی بەرۆژنامەكەی راگەیاندووە "كاتژمێرێك پێش ئازادكردنی سەنگاوی پێمانڕاگەیەندرا كە ئازاد دەكرێت، بەڵام بڕوامان نەكرد".
سەنگاوی رۆژی یەكشەممە (19)ی ئەم مانگە هێنرایەوە بەردەم دادگای كەلار بەمەبەستی لێكۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەكانی لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە لەنێوان مۆبایلەكەی ئەو و تۆمەتبارە سەرەكییەكەدا هەبووە كە دواین پەیوەندی بۆ (1/12/2013) چوار رۆژ پێش كوژرانی كاوە بووە.
كاوە لەتیف رایشگەیاندووە "(19/1) سەنگاوی بەدادوەرەكەی وت خۆم هاتوومەتە بەردەم دادگاو ئێستا ئەگەر بڕۆمە دەرەوە نەدادوەرو نەهیچ هێزێك ناتوانێت بمگرێت".
بەپێی لیستی ئەو پەیوەندییانەی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ رادەستی دادگای كردووە، سێ پەیوەندی تەلەفۆنیو هەشت نامە لەنێوان مۆبایلی هەردوولادا هەبوە، بەڵام سەنگاوی لەبەردەم دادوەردا وتویەتی "ئاگاداری نییەو رەنگە سكرتێرەكانی ئاگاداربن".
(ت، خ) كە دوای دەستگیركردنی دانی بەوەدانا بەتەنیا كاوە گەرمیانی كوشتووە، لەفەیسبوكەكەیدا زۆرترین وێنەو وەسفی مەحمود سەنگاوی بڵاوبووەتەوە كە مێژووی بەشێكیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی (21/9)ی ساڵی رابردوی هەرێم.
كاوە لەتیف رایگەیاندووە "لەبارەی ناوەڕۆكی نامەو تەلەفۆنەكانەوە هیچ زانیارییەكیان پێنەداوین".
دوێنێ چوارشەممە سەنگاوی دوای ئازادكردنی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە ئەو نامانەی لەتۆمەتبارەكەوە بۆی نێردراوە بۆ ئەوەبووە تەلەفۆنی بۆ بكاتو "لەتاوانەكە تێوەگلێم، بەڵام تەلەفۆنم بۆ نەكردەوە".
سەنگاوی كە ئێوارەی (6)ی ئەم مانگە لەڕێوشوێنێكی ئەمنی تونددا چووە دادگا بەهۆی فەرمانی دەستگیركردنییەوە لەسەر سكاڵای كەسوكاری كاوە دەستبەسەركرا، لەئیفادەكەیدا وتویەتی "(ت، خ) دەناسێت، بەڵام تێكەڵی لەگەڵیدا نەبووە".
سكاڵاكەی سەر سەنگاوی بەهۆی ئەوەوە بوو كە ساڵی رابردوو ناوبراو هەڕەشەی لەكاوە كردبوو بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەتێك لەگۆڤاری گەڕاندا كە ئەوكاتە كاوە سەرنوسەری بوو.
براكەی كاوە وتی "تۆمەتبارەكە (ت، خ) لەسەر بنەمای زانیاری ئاسایشو دژەتیرۆر دەستگیرنەكراوە بەڵكو خزمێكمان بینیویەتی پێشتر چاودێری ماڵمانی كردبوو".
وتیشی "(ت) بەئۆتۆمبیلێكی جۆری نیسان بریمەر رەنگ رەش چاودێری ماڵمانی كردووە لەگەڵ كەسێكی تردا".
كاروان ئەحمەد داوای لەقوباد تاڵەبانی كرد بەڵێنەكەی بباتەسەر كە لەماوەی رابردوودا كاتێك سەردانیكردون "لەبەردەم دایكە جگەر سوتاوەكەیو خێزانە كەسوكار ئەنفالكراوەكەی كاوە وتی دەستی پشت تاوانەكە دەبڕمەوە".
سەنگاوی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێ جەختیكردەوە جارێكی تر ناچێتە دادگاو بێتاوان بووە، پارێزەرەكانیشی ئاماژەیان بەوەدا كە سێشەممە داواكاری ئازادكردنەكەیان رادەستی دادگا كردووە.
كاوە گەرمیانی سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ شەوی 5/12/2013 لەماڵی دایكی لەشاری كەلار درایە بەر دەسترێژی گولـلەو گیانی لەدەستدا.