قەڵادزێ: دوو ژن دەڵێن پزیشک لێیداون
شنە محەممەد، 19 ساڵ، شەوی 10/1/2014 بۆ لەدایكبوونی منداڵەكەی دەبرێتە نەخۆشخانەی قەڵادزێ. شنە كە ژنی ماڵەوەیە، نەخۆشی یەكێك لە پزیشكە ژنەكانی نەخۆشخانەی قەڵادزێ بووە، دوای ئەوەی سەردانی نۆرینگەكەی دەكات، پێیدەڵێت هێشتا كاتی منداڵبوونت ماوە. بەڵام ئەو دەچێت بۆ نەخۆشخانەی گشتی. بەپێی گوتەی شنە، لەوێ هیچ گوێی پێنادرێ و پزیشكەكە بە سستەرەكانی دەسپێرێ و كاتێك بارودۆخی تەواو تێكدەچێت، سستەرەكان پەیوەندی بە پزیشكەكەوە دەكەن كردووە و ئاگاداری دەكەنەوە، بەڵام دەڵێت "دكتۆرە كە هات دەستی كرد بە لێدانم و پرچی راكێشام و زللەی لێدام، بە حیسابی خۆی بۆ رزگاركردنی منداڵەكە وای لێكردووم، بەڵام زۆر خراپ لێیدام، شوێنی لێدان بە جەستەمەوە دیار بوو، ئەوە جگە لەوەی لە كاژێر 1ی شەو تا 12ی نیوەڕۆ لە نەخۆشخانە بووم و بەدەممەوە نەهات، لەكاتێكدا هەموو سەرە مانگێك چوومەتە نۆرینگەكەی".
تەنیا 2 رۆژ دوای ئەو رووداوە، هەمان پزیشك لە هەمان نەخۆشخانە ئەمجارە رەفتارەكە بەرامبەر حەبیبە خدر، 38 ساڵ، دووبارە دەكاتەوە. حەبیبە بە (رووداو)ی گوت "لەگەڵ پیاوەكەم چوومە عیادەی ئەو پزیشكە و پشكنینی بۆ كردم، گوتی منداڵت نابێ جارێ، فشاری خوێنت بەرزبووەتەوە، حەبێكی دامێ بەڵام هەر كە گەیشتمەوە ماڵەوە ژانی منداڵبوونم گرت و بەپەلە چوومە نەخۆشخانە، گوتیان منداڵەكەت مردووە، دوای یەك كاژێر و نیو ئینجا پزیشكەكە هات و دەستیكرد بە چڕنووك گرتن لە جەستەم و هەموو گیانمی رەش و شین كردەوە.
هەندێك شوێنم خوێنی لێهات بۆ ئەوەی منداڵەكەم بێتەدەرەوە، كاتێك هاتەدەرەوە سەری تەقیبوو، زیاتر لە 4 كاژێری خایاند تا رزگارم بوو". حەبیبە گوتی "لەبەرامبەر كەمتەرخەمی ئەو پزیشكە و ئازاردانم سكاڵامان تۆمار كردووە، منداڵەكەمان ناردووە بۆ پشكنین و بەهیچ شێوەیەك لێی خۆش نابم".
محەممەد حەسەن، هاوسەری حەبیبە دەڵێت "لەنەخۆشخانە جگە لە پۆلیس و ئاسایش كەس هاوكاری نەكردین، بۆیە سكاڵاكەمان ناكێشینەوە و دەبێت لە رێگای یاساوە مافەكانمان بەدەستبێنین، بیستوومانە ئەو پزیشكە رایكردووە و دەوام ناكات، بەڵام ئێمە لەڕێی رووداوەوە رایدەگەیێنین كە گرفتمان لەگەڵی نییە و با دەوامی خۆی بكات. هیچی پێناڵێین تەنیا لە رێی یاساوە مافی خۆمان وەردەگرینەوە". چیرۆكی هەردوو ژنەكە لەیەكدی نزیكە، هەردووكیان منداڵەكەیان كوڕ بووە و دووەم منداڵیان بووە، هەردووكیان دەڵێن ئەو پزیشكە (تەبەڵە)ی شاردوونەتەوە كە هەموو پشكنینەكانی تێدابووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێش ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە "تەبەڵەكانی هەڵگرتوون، بەڵام نەیبردوونەتەوە ماڵەوە، لە نەخۆشخانەن و پۆلیس داوای تەبەڵەی ئەو ژنەی كردووە كە سكاڵای تۆمار كردووە، ژنەكەش راینەكردووە و دەوامی خۆی دەكات".
عەلی هەمزە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ بە (رووداو)ی گوت "راستە 2 حاڵەتی مردنی منداڵ هەبووە، بەڵام پزیشكەكە كەمتەرخەم نەبووە، یەكێكیان لە حاڵەتی كۆتایی منداڵبوونەكە دركە پەتك لە ملی منداڵەكە ئاڵاوە و پزیشكەكە لەوێ بووە. ئەوەی دووەم سكاڵایان هەیە و ئەوان لەوە نیگەرانن كە چووەتە عیادەكەی و نەیناردووە بۆ نەخۆشخانە بۆیە سكاڵایان تۆمار كردووە". گوتیشی "یەكێك لە منداڵەكان نێردراوە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی پزیشكی دادین، هەروەها حاڵەتی لێدان هەبووە، بەڵام لە رق و كینەوە نەبووە، بەڵكو شتێكی زانستییە و دەبێت ژن لەكاتی منداڵبوون هێز بداتە بەر خۆی، بۆ ئەوەی منداڵەكەی ببێت، دیارە شوێنەواری لێدان هەبووە، بەڵام لێدانەكە تەنیا بۆ ئەوە بووە منداڵەكان ببن".