ھێلکە چەوری خوێن رێکدەخات


لە توێژینەوەیەکی ئەمریکایدا پسپۆران لە زانکۆی Connecticut بۆیان دەرکەوتووە خواردنی ھێلکەیەکی تەواو چەوری ناو خوێن رێکدەخات بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی Metabolic syndrome ھەیەو، یارمەتی کەمکردنەوەی کێشیش دەدات.

توێَژینەوەکە دەریخستووە لە ٣٤% ئەمەریکاییەکان ئەو نەخۆشییەیان ھەیەو، زیاتریش لە نێو ژناندا باوە وەک لە نێو پیاواندا.

نەخۆشی Metabolic syndrome بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە رۆژێکدا چالاکییەکانی جەستە پەکدەخات، ئەو کەسەی ئەو نەخۆشییەشی ھەیە بە سێ کێشەی ترەوە دەناڵینێت کە ئەوانیش زۆری چەوری لەش، کەمی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش HDL، کەمەرێکی پان، لەگەڵ زۆربوونی شەکرەی خوێن و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

یەکێک لەو خۆراکانەی کە یارمەتی رێکخستنی کۆلیسترۆڵ دەدات ھێلکەیە، ئەو توێژینەوەیەش دەنگۆیەکی نێو خەڵک رەتدەکاتەوە کە گوایە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ زیاتر بێت، نابێت ھەفتانە لە یەک ھێلکە زیاتر بخۆن، بەڵکو ئەمە بە بێ بنەما وەسف دەکات.

لەم توێژینەوەیەدا پسپۆڕان کۆمەڵێک ژن وپیاویان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکردون، کە نەخۆشی Metabolic syndrome ھەیەو لە نیوەی تەمەنیان دان، کۆمەڵەی یەکەم رۆژانە سێ ھێلەکەی تەواویان خواردووە، بەڵام کۆمەڵەی دووەم لە جیاتی ھێلکە ئەو خواردنانەیان خواردووە کە مادەی پرۆتینیان تێدایەو یارمەتی دابەزاندنی کێشیش دەدەن.

دوای سێ مانگ لەو تاقیکردنەوەیە دەرکەوتووە خواردنی رێژەیەکی زۆر ھێلکە ھیچ کاریگەری خراپی نابێت و کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی LDLیش بەرز ناکاتەوە.

ھەردوو کۆمەڵەکە لە رێکگەی خواردنەکانیانەوە کۆلیسترۆڵی سوودبەخشیان زیادکردووەو چەوریشیان کەمکردۆتەوە.
توێژەران دەڵێن یەک ھێلکە ١٣ جۆر خۆراکی جۆراو جۆر بە لەش دەبەخشێت، بەتایبەتیش لە سەر سپێنەی ھێلەکە زۆر جەختیان کردۆتەوەو، پێشنیاریان کردووە بۆ دەربازبوون لە نەخۆشی Metabolic syndrome رۆژانە ھێلکە بخورێت.

بۆ ئەو کەسانەشی دەیانەوێت خواردن کەم بخۆن تاوەکو کێشیان دابەزێنن، وا باشتر بەیانیان ھێلکە بخۆن، چونکە حەزی خواردن لە تەواوی رۆژدا کەمدەکاتەوە.