سێ تەلەفۆنو هەشت نامە ئاڵوگۆڕكراوە
پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان مەحمود سەنگاویو "تۆمەتباری بكوژی" كاوە گەرمیانی ئاشكرادەكرێت
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی هاووڵاتی سێ پەیوەندی تەلەفۆنیو هەشت نامە لەنێوان مۆبایلی تۆمەتباری سەرەكی دۆسییەی كوژرانی كاوە گەرمیانیو مۆبایلەكەی مەحمود سەنگاوی هەبووە پێش كوژرانی كاوە، ئەوەش بەپێی لیستی ئەو پەیوەندییانەی كۆمپانیای ئاسیاسێل رادەستی دادگای كەلاری كردووە.
مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوێنێ یەكشەممە هێنرایەوە بەردەم دادگای كەلار بەمەبەستی لێكۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەكانی لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە كە بەوتەی پارێزەرێكی دۆسییەكەی كاوە گەرمیانی مێژووی دواین پەیوەندی بۆ چوار رۆژ پێش رووداوی تیرۆركردنەكە دەگەڕێتەوە.
رۆژنامەكە لەزاری كاوە لەتیف پارێزەری دۆسییەی كاوە گەرمیانی بڵاویكردووەتەوە "بەپێی ئەو پەیوەندیانەی لەئاسیاسێڵەوە گەڕاونەتەوە پێش كوژرانی كاوە سێ جار لەمۆبایلەكەی مەحمود سەنگاویەوە تەلەفۆن بۆ موبایلی (ت، خ) كراوە".
(ت، خ) كە دوای دەستگیركردنی دانی بەوەدانا بەتەنیا كاوە گەرمیانی كوشتووە، بەپێی راپۆرتەكە لەفەیسبووكەكەیدا زۆرترین وێنەو وەسفی مەحمود سەنگاوی بڵاوبووەتەوە كە مێژووی بەشێكیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 21/9ی ساڵی رابردوی هەرێم.
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ لەكاتی لێكۆڵینەوە لەمەحمود سەنگاوی رایگەیاندووە كە ئاگای لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە نییەو رەنگە پاسەوانەكانی ئەو تەلەفۆنانەیان ئەنجامدابێت.
شەوی (5-6/12/2013) لەلایەن كەسێكەوە دەستڕێژی گولە لەرۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی كراو تیرۆركرا، كە دوای چەند رۆژێك ئەو كەسە دەستگیكرا.