داوای یاسایی لەسەر پەرلەمانی كوردستان تۆماردەكرێت، هەرەشەی خۆپیشاندان و رێپێوان دەكرێت

 داوای یاسایی لەسەر پەرلەمانی كوردستان تۆماردەكرێت، هەرەشەی خۆپیشاندان و رێپێوان دەكرێت


وەك دەستپێشخەرییەكی مەدەنی، ژمارەیەكی بەرچاوی چالاكوان و میدیاكارو مامۆستای زانكۆ وكەسایەتی لەشارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان ئیدانەی  هەڵوێستی سەرجەم لایەن و قەوارە براوەكانی  دوا هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان  لە پێكنەهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان  و رانەسپاردنی لیستی براوە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و تێكڕایان بە بەرپرسیار و خەتابار دەزانین و هیچ پاساوێك بۆ ئەوكارەیان بەرەوا نازانین .
 لە راگەیەندراوێكدا ژمارەیەكی بەرچاوی چالاكوان و میدیاكارو مامۆستای زانكۆ وكەسایەتی لەشارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن كە تەنها مۆڵەتی 15 رۆژ دەخەینە بەردەم لایەنە براوەكان بۆ ئەنجامدانی چەند هەنگاوێك كە خۆی دەبینێتەوە لە  هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و راسپاردنی پاڵێوراوی لیستی براوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێكارە یاساییەكان .
دەقی راگەیەندراوەكە:
رۆژی 21ی ئەم مانگە لەدەستپێشخەرییەكدا ژمارەیەكی بەرچاوی چالاكوان ومامۆستای زانكۆورۆژنامەنووس وكەسایەتی شارەجیاجیاكانی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە لەسەر پرسی بۆشایی یاسایی لەهەرێمی كوردستان و دوای گفتوگۆیەكی كراوە،دەرئەنجام ئەم یاداشتنامەیەی لای خوارەوەی لێكەوتەوە :

هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
پەرلەمانتارانی كوردستان
ئەمڕۆ 4 مانگی تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر ئەنجامدانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان  وهێشتا بۆشایی یاسایی باڵی كێشاوە بەسەر هەرێمی كوردستان . لەم كاتەوە تاوەكو ئێستا نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵكی كوردستان تەنها یەك جار دانیشتن و جگە لە سوێند خواردن و بڕیار دان لە سەر جێ هێشتنی كۆبوونەوەكە بە كراوەیی بە پێچەوانەی یاسا هێچی دیكەیان نەكردووەو لەوكاتەشەوە تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان بە بۆشاییەكی یاسایی گوزەردەكات،
رێز لە ئیرادەی دەنگدەرو هاوڵاتی هەرێمی كوردستان ناگیرێت و ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیان بەهۆی دواخستنی كارو پڕوژە وپێشینەو...تد پەكخراوە.
ئێمە وەك دەستپێشخەرییەكی مەدەنی كە پێكدێت لە ژمارەیەكی بەرچاوی چالاكوان و میدیاكارو مامۆستای زانكۆ وكەسایەتی لەشارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە وێڕای ئیدانەی  هەڵوێستی سەرجەم لایەن و قەوارە براوەكانی  دوا هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان  لە پێكنەهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان  و رانەسپاردنی لیستی براوە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،تێكڕایان بە بەرپرسیار و خەتابار دەزانین و هیچ پاساوێك بۆ ئەوكارەیان بەرەوا نازانین.
بۆیە ئێمە لێرەدا و تەنها مۆڵەتی 15 رۆژ دەخەینە بەردەم لایەنە براوەكان بۆ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە:
1-كۆتای هێنان بە كۆبوونەوەی كراوەی پەرلەمان  و گرێدانی كۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.
2-راسپاردنی پاڵێوراوی لیستی براوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێكارە یاساییەكان.
بە پێچەوانەوە لەدوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە ،ئێمە پەنا دەبەینە بەر رێكارە یاسایی و مەدەنییەكان  لەوانە:
1-داوای یاسایی لەسەر پەرلەمانی كوردستان تۆمار دەكەین  بۆ كۆتایی هێنان بە دانیشتنی كراوەو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و راسپاردنی پاڵێوراوی لیستی براوە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

2-ئەنجامدانی خۆپیشاندان و رێپێوان ومانگرتن و هەمووچالاكییەكی مەدەنی و دیموكراسی .