دواین لێدوانی فەرمی یەكێتی لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی چوارەم
حاكم قادر كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایگەیاند كاری كۆمیسیۆنو لیژنەكان بۆ كۆنگرەی یەكێتی بەردەوامە.
لەمیانی كۆبوونەوەیەكی حیزبیدا حاكم قادر كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاندووە "كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی بەردەوامەو سەرجەم لیژنەكانیش لەكۆبوونەوەو كۆنفرانسی خۆیاندان بۆ ئامادەكردنی پرۆژەكانیان بۆ كۆنگرەو لەو بارەیەشەوە هەنگاوی باش نراوە".
راشگەیاندووە "كۆنگرە پرۆسەیەكی گرنگی ژیانی حیزبایەتییەو هەرچییەكیش بۆ یەكێتیو بەرژەوەندی باڵای یەكێتیو یەكێتییەكان پێویست بێت لەبەرچاودەگیرێت".
ئەوەشی راگەیاندووە "كۆمیسیۆنی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرە بەپێی پەیڕەو بڕیاری پلینیۆم ئامادەكاری بۆ كۆنگرە دەكەن، وەك ئەو ئەركەی پێمان سپێردراوە".
حاكم قادر لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە باسی لەوەكردووە كە دانوستانی نێوان لایەنەكانی بەشداربووی هەڵبژاردن بەردەوامەو هێشتا بڕیار لەسەر دابەشكردنی پۆستو وەزارەتەكان نەدراوەو رایگەیاندووە "یەكێتی بەشداری لەكابینەی نوێدا دەكاتو بەبەهێزیشەوە بەشداردەبێتو لەهەفتەی داهاتووشدا دانوستان دەكەین".
دووپاتیشیكردووەتەوە یەكێتی هێزێكی سیاسی حساب بۆكراو و ژمارەیەكی دیارە لەپرۆسەی سیاسییو حوكمڕانی هەم لەسەر ئاستی هەرێم هەمیش لەسەر ئاستی عێراقو ناوچەكەش.
لەبارەی هەڵبژاردنەكانیشەوە حاكم قادر رایگەیاندووە "یەكێتی ئامادەكاریی كردووەو بەشداری لەهەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا دەكاتو باوەڕی تەواویشمان بەپرۆسەی دیموكراسیو هەڵبژاردنی بێگەردو بێفرتو فێڵ هەیە".
ئەم وانەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكاتێكدایە لەئێستادا دەنگۆی دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی هەیە.