وەزیرێكی پێشووی كوەیت: گرووپی كەرگەلی كوردستان راستگۆترین حیزبی جیهانی عەرەبییە

وەزیرێكی پێشووی كوەیت: گرووپی كەرگەلی كوردستان 

راستگۆترین حیزبی جیهانی عەرەبییە







وەزیری نەوتی پێشوی كوەیت باسی هەڵوەشاندنەوەی گرووپی كەرگەلی كوردستان دەكات و دەڵێت، راستگۆترین حیزبە لە جیهانی عەرەبی. داواشدەكات ئەوانەی لە راستیدا حیزبی كەرن وەك بەعسی، ئیخوانەكان و كۆمۆنیست، خۆیان هەڵبوەشێننەوە وەك گرووپی كەرگەلی كوردستان.

ئەحمەد عەلی ئەلبەغیلی، وەزیری پێشووی نەوتی كوەیت گوتارێكی بە ناونیشانی "پارتی كەرگەلی وڵاتی ئێمە كەی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە" لە ماڵپەری عەرەب تایمز بڵاوكردووەتەوە.

لەسەرەتای گوتارەكەیدا ئەحمەد عەلی باس لە مێژووی دروستبوونی گرووپی كەرگەلی كوردستان و عومەر كڵۆڵ، سكرتێری گرووپەكە دەكات، هەروەها باسلە پەیكەرە برۆنزەكەی كەریش دەكات كە لە پاركی نالی شاری سلێمانی دانرا لەگەڵ بەفەرمی مۆڵەت وەرگرتنی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005.

وەزیری پێشووی نەوتی كوەیت دەڵێت "ئەم پارتە كە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، راستگۆترین گرووپە بۆخۆی، چونكە زۆرینەی پارتەكانی جیهانی عەرەب بە كارەكانیان سەلماندوویانە كە كەرن و لە راستیدا ئەوان پارتی كەرن، نەك پارتەكەی كەرگەل كوردستان".

ئەو نموونەی ئەوپارتانەش دێنێتەوە كە بەكەریان دەزانێ وەك بەعس، ئیخوان و كۆمۆنیستەكان.

هەروەها داواشدەكات لە هەندێك گرووپ و پارتی كوەیتی كە لە گوتارەكەیدا ناوی نەبردوون، وەك حیزبی كەرگەلی كوردستان خۆیان هەڵبوەشێنەوە.


رێككەوتی 16-1-2014، عومەر كڵۆڵ، سكرتێری گرووپی كەرگەلی كوردستان وەك خۆی گوتی دوای 35 ساڵ خزمەتكردن بەكەر، بڕیاریدا كۆڵبدات و چیتر كار بۆ كەر نەكات و حیزبەكەی هەڵوەشاندەوە.


به‌سوپاسه‌وه‌ له‌په‌یجی رۆژنامه‌نوس ژیارمحمد وه‌رگیراوه‌