پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵ یەكگرتوو ئاسایی دەكاتەوە

پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵ یەكگرتوو ئاسایی دەكاتەوە ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەفدێكی لقی دووی پارتی سەردانی ئەو حیزبانەی كردووە.
پێگەی فەرمی پارتی لەهەواڵێكدا بڵاویكردووەتەوە "لەمیانەی كۆبووەنەوەكانی نێوانیان باسیان لەڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستانو قەیرانو تەنگژە سیاسییەكانی ئەمڕۆی عێراقو دواین هەنگاوەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێو حكومەتی بنكەفراوانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراوە".
هەروەها لەكۆبوونەوەكە "باس لەپاراستنی هەموو ئەو دەستكەوتو پێشكەوتنانەی هەرێمو پتەوكردنی گیانی برایەتیو یەكدەنگیو هاوهەلوێستی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەلی كوردستانو ئاشتیو سەقامگیری ئەزموونو كیانی پێشكەوتووی دیموكراسی هەرێمی كوردستان بەڕێزگرتن لەبنەما دیموكراسیو پاراستنی ئیرادەی خەلكی كوردستان لەبەرانبەر هەر پرسێكی نەتەوەیو نیشتمانی چارەنوس ساز دوور لەبەرژەوەندی حیزبی كراوە".
پێگەی فەرمی پارتی ئەوەشی راگەیاندووە "لەم رووەوە بەرپرسیارییەتی هەموو لایەكیان لەم قۆناغە هەستیارەدا بەپێویست دانا بۆ رێكخستنەوەی نێومالی كوردستانی لەبەرانبەر هەموو ئەو قەیرانو بارودۆخە سیاسییەی كە ئەمڕۆ لەناوچەكە هاتووەتەكایەوە".
ئەم سەردانەی وەفدی پارتی لەكاتێكدایە كە دوای چەند مانگێك لەكۆتایی هەڵبژاردنەكان تا ئێستا حكومەت پێكنەهێنراوەو پێشتر بەهۆی ئۆپۆزیسیۆن بوونیان پارتی نێوانی لەگەڵ ئەو لایەنانە باش نەبوو.