هەرسێ سەركردەكەی یەكێتی رێككەوتنێكیان لەتاران واژۆكرد

هەرسێ سەركردەكەی یەكێتی رێككەوتنێكیان لەتاران واژۆكرد

بەپێی سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، سەردانی شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئێران و هاوكات چوونی شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئێران بۆ چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی بووەو، هیچ پەیوەندییەكی بە پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نەبووە .

شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە كۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هاوسەری مام جەلال ، رۆژی 12/1/2014 چووە تاران . هاوكات شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ، بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ، جێگری سەرۆكی پارتی چووە تاران ، هەردوو شاندەكە رۆژی 13/1/2014 گەڕانەوە هەرێمی كوردستان . بەڵام سەردانەكە دووربوو لە چاوی كامێراكان و ، بەبێدەنگی گەڕانەوە.

بەپێی لێدوانی سەرچاویەكی ئاگاداری ئەو كۆبوونەوانە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو سەردانە بۆ یەكخستنی یەكێتی و نەهێشتنی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی بووە ، كە چارەسەركردنەكە بە سەرپەرشتی ئێران و بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە كۆبوونەوەكانی تاران رێككەوتنێكی واژۆكراوی لێكەوتەوە لەلایەن كۆسرەت رەسول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی و د.بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

سەردانەكە بووە هەواڵی زۆربەی میدیاكانی ئێران، بەڵام گەیشتن و گەڕانەوەی شاندەكە بەشێوەیەك بوو، كە تەنانەت هیچ میدیایەكی ئێرانی نەیتوانی یەك دێر لەسەر ئەنجامەكانی سەردانەكە بنووسێت .

نازم دەباغ ، نوێنەری یەكێتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك لەسەر نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بدات ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو سەردانە سەردانێكی تایبەتی بووە و شاندەكە لەگەڵ كۆمەڵێك بەرپرسی پەیوەندیدار كۆبوونەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە تاوتوێكرا و بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەكانی هەولێر و تاران و پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێمی كوردستانیش لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكان بوون". نازم دەباغ هۆكاری داوەتكردنی ئێرانی بۆ كاریگەری یەكێتی و پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەكە گەڕاندەوە و گوتی " یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی سەرەكی لە دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دروستكردنەوەی عێراقی نوێ رۆڵی كارایان هەبووەو لەلایەن حكومەتی ئێران و وڵاتانی ناوچەكە جێگەی بایەخن".

بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوە ئاگادارەی قسەی بۆ رووداو كرد ، كۆبوونەوەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە پێكهێنانی حكومەتەوە نەبووە، بەڵكو پەیوەندییان بە رێكخستنەوەی رەوشی ناوخۆی یەكێتییەوە هەبووە ، بەڵام لە پەراوێزی گفتوگۆكاندا باسی رەوشی عێراقیش كراوە.

شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بووە كە هەریەك لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەندامی شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوونە